لە ترسی مانگرتن بازگەکانی کەرکوک دەستیان سوک کرد لە گەڵ شۆفێران

کێشەی بارهەڵگرانی کەرکوک چارەسەر کرا

964+

کاروان ساڵحی-کەرکوک

بەهۆی هەڕەشەی مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر لە بازگەکان، حکومەتی ناوەند، بە خێرایی هاتە سەرخەت و بڕیارە لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بنێرێتە کەرکوک، ئەم هەنگاوەش دوای ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی شۆفێران دێت کە ماوەیەکە بەدەست قەرەباڵغی و دواکەوتنی نایاساییەوە لە بازگەکانی چوونە ژوورەوەی کەرکوک دەناڵێنن.

رێکان نەجمەدین، شۆفێرێکی بارهەڵگرە و بۆ 964 وتی، “رۆژانە لە بازگەکانی چیمەن و دارەمان چەند کاتژمێرێک یان هەندێک جار چەند رۆژێک دەمێنینەوە بۆ ئەوەی رێگەمان پێ بدرێت بارەکەمان بێنینە ناو کەرکوک.”

دەشڵێت، بەهۆی ئەم کێشانەوە، بڕیارماندا سەرجەم شۆفێرانی بارهەڵگر مانگرتن ئەنجام بدەین لە ناو بازگەکان، بەڵام، لە ترسی مانگرتن، کێشەکە لە ئێستادا چارەسەر کراوە و ئەمڕۆ کارئاسانییەکی زۆر کرا لە ئەنجامدانی سۆنەر و قەپان، بە چەند خولەکێک هاتینە ناو کەرکوک.”

باسی لەوەشکرد، “حکومەت ئەگەر بیەوێت هاوکار بێت دەتوانێت هەموو کارێک بکات، بەڵام بەداخەوە رۆژانە حکومەت خۆی کێشەی دەدۆزیەوە لە بازگەکان، بۆ ئەوەی بە پارە تێپەڕیت.”

سەبارەت بەم بابەتە، درەنگانی شەوی رابردوو، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ فەریق عەبدولکەریم سودانی، سکرتێری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەنجامدا، پارێزگار داوای ناردنی لیژنەیەکی باڵای کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە قەرەباڵغی بازگەکان و جەنجاڵی بارهەڵگرەکان. فەریق سودانیش لە لای خۆیەوە دووپاتی کردەوە کە “لە ئەم هەفتەیەدا لیژنەکە دەنێردرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە.”

ماوەی چەند ساڵێکە شۆفێرانی بارهەڵگر لە بازگەکانی کەرکوک، بە تایبەت بازگەکانی چیمەن و دارەمان، رووبەڕووی دواکەوتن و راگرتنی بارەکانیان دەبنەوە، ئەم حاڵەتە، کە هەندێک جار چەند کاتژمێرێک یان تا چەند رۆژێک دەخایەنێت، بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ شۆفێران و کەرتە بازرگانییەکان، هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆکاری ئەم دواکەوتنانە بۆ رێکارە ئەمنییەکان و پشکنینەکان دەگێڕنەوە، بەڵام شۆفێران نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لە ئەگەری بوونی رێکاری کارگێڕی ناڕوون و کاریگەرییەکانی لەسەر پڕۆسەی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

بەم شەوە بارهەڵگری زۆر لە بازگەی كەركوک گیریان خواردوو...

بەم شەوە بارهەڵگری زۆر لە بازگەی كەركوک گیریان خواردووە