دزه‌كه‌ نه‌ناسراوه‌ و بەرەو ئاغجەلەر رۆیشتووە

ئۆتۆمبێلێکی نیسان لە کۆمەڵگای خاڵخاڵان دزراوە و سبه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات

964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە

له‌ ناحیه‌ى شوان هاوڵاتییه‌ك سكڵاى له‌سه‌ر كه‌سێكى نه‌ناسراو تۆمار كردووه‌ و ده‌ڵێت ئۆتۆمبێله‌كه‌یان دزیوه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ش ده‌ڵێت له‌ سبه‌ینێوه‌ ده‌ست به‌ رێكاره‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كرێت.
رووداوى دزینى ئۆتۆمبێله‌كه‌ له‌ شەوی رابردوو لە گوندی قەڵاتەی کۆمەڵگەی خاڵخاڵان سەر بەم ناحیەیه‌ روویداوه‌، ئۆتۆمبێله‌كه‌ جۆری نیسان پیکاب بووه‌.
سامی سمایل، ئامۆزای شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەیە و بە 964ـی وت، وەک هەموو جارێک ئامۆزاکەم ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنێک وەستاندووە کە هەیکەلی دووکانێکی تەواو نەکراوە و دوو ئۆتۆمبێلی تریشی لەپاڵ وەستاوە و بەردەوام لەو شوێنە وەستاندوویانە.
دەشڵێت “ڤیدیۆکانمان پێنەدراوە بەڵام لە کامێراکانی چاودێری تەنیا پیشانیان داوین کە کاتژمێر 1:40 خولەکی شەو ئۆتۆمبێلەکە لەو شوێنە دەهێنرێتە دەرەوە و بەرەو رێگای ئاغجەلەر و تەکیە دەبردرێت و ئێستاش سکاڵامان تۆمارکردووە”.
وتیشی، بەهۆی ناڕوونی ڤیدیۆکە دیار نیە کە کێ و چەند کەسن هەستاون بە دزینی ئۆتۆمبێلەکە، تەنیا ئەوە دەردەکەوێت کە لە شوێنی وەستانەکەی دەیهێننە دەرەوە و دەیبەن.
لایخۆشییه‌وه‌، هەوراز نیزام بەڕێوەبەری ناحیەی شوان بە 964ـی وت، بەهۆی ئەوەی خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە درەنگ سکاڵای تۆمارکردووە، بۆیە وەرگرتنی مۆڵەتی دادوەر کاتێکی زیاتری پێویستە.
وتیشی “ئێستا مۆڵەتی دادوەر وەرگیراوە و لە سبەینێوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستپێدەکات و بەدڵنیایەوە بکەری ئەم کارە دەدۆزرێتەوە و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە”.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

شۆفێرانی هێڵی سلێمانی - باقوبە كێشەیان هەیە و دزیكردنی...

شۆفێرانی هێڵی سلێمانی - باقوبە كێشەیان هەیە و دزیكردنیش تەكنیكی نوێ بۆ پەیدابوو

ژن و مێردێک لە دوکانێکی سلێمانی 20 وەرەقەیان دزی

ژن و مێردێک لە دوکانێکی سلێمانی 20 وەرەقەیان دزی