عەباس موقتەدائی:

“ئێران ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دوژمنێک”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەنجومەنی شورای ئێران عەباس موقتەدائی، دەڵێت، وڵاتەکەی خاوەنی توانای بەرفراوانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دوژمنێک

عەباس موقتەدائی ئەمڕۆ هەینی 12.9.2025 لە راگەیاندراوێكی رۆژنامەوانیدا وتی، تێکدانی سەقامگیری ئێران، بارودۆخێكی ناهەموار بۆ هەموو وڵاتانی دیکەی ناوچەكە دەگوازێتەوە.

“کاتێک ئێران لە ئاسایشدا بژیت، ئەم ئاسایشە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش دەگرێتەوە، ئێران پشت بە توانا ناوخۆ و نیشتمانییەکانی دەبەستێت، خاوەنی کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو و تەكنەلۆژیایە، لە دۆخێکی ئامادەی بەرگریی تەواو و هەماهەنگدایە”، موقتەدائی وای وت.

هەروەها دەڵێت، “کۆماری ئیسلامی خاوەنی توانایەکی بەرفراوان و سەرسوڕهێنەرە لە بواری دەریایی، بۆشایی ئاسمان و ئاسمانیدا و دەتوانێت دەستکەوتی گەورە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دوژمنێکدا بەدەست بهێنێت، هەروەها ئێران پێویستی بە کەسانی دیکە نییە بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی خۆی”.

موقتەدائی پێی وایە، “دیپلۆماسی و مەیدان، دوو باڵی هێزی ئێرانن و بە رێوشوێنی پێویست بەردەوامن”.

ئەم قسانەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە لە كاتێكدایە، هێشتا هەڕەشەی ئیسرائیل و ئەمریكا لەسەر ئێران هەیە، سەرەڕای رێككەوتنی ئێران لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم سەبارەت بە بەرنامە ناوكییەكەی ئێران، بەڵام ئەمریكا رایگەیاندووە گومانی لە رێككەوتنەكە هەیە و بەدواداچوون و لێپێچینەوە دەكات.

سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی ئەمریکا دەکات

سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی ئەمریکا دەکات