خورماتوو
دواى ساڵانێک فەرامۆشى؛ گوندەکانی “داودە” پڕۆژەی خزمەتگوزارییان پێدەگات
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
دوای ساڵانێک لە چاوەڕوانی بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە، دواجار هەشت پڕۆژەی گرنگ بۆ گوندەکانی ناوچەی داودە لە سنووری قەزای خورماتوو خرانە بواری جێبەجێکردنەوە، کە گرنگترینیان قیرتاوکردنی رێگای سەرەکی نێوان گوندەکان و سەنتەری ناحیەی زینانەیە.
وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زینانە، بە 964ـی راگەیاند، “لەسەر داواکاری بەردەواممان بۆ ئیدارەی گەرمیان و دوای سەردانی مەیدانی بەڕێوەبەری گشتی بۆ ناوچەکە، بڕیاری جێبەجێکردنی هەشت پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گوندەکانی ناوچەی داودە دەرچوو و ئێستا کاریان تێدا دەکرێت.”
گرنگترین ئەو پڕۆژانەی کە بڕیاریان لەسەر دراوە بریتین لە:
قیرتاوکردنی رێگای وارانی – زینانە: بە درێژایی هەشت کیلۆمەتر و بە گوژمەی 540 ملیۆن دینار.
قیرتاوکردنی رێگای زینانە – قەڵا: بە درێژایی 12 کیلۆمەتر و بە گوژمەی ملیارێک و 800 ملیۆن دینار.
دروستکردنی فەرمانگەی کارەبا: بە گوژمەی ملیارێک و 300 ملیۆن دینار.
دروستکردنی بینای نوێی ناحیەی زینانە: بە گوژمەی 229 ملیۆن دینار.
راکێشانی تۆڕی ئاو بۆ گوندی هێرەسور: بە گوژمەی 93 ملیۆن دینار.
دروستکردنی بەنداوێک بۆ ناوچەی داودە و چەندین پڕۆژەی دیکە.
ناوچەی داودە، کە خاوەنی زۆرترین قوربانیی شاڵاوی ئەنفاڵە لە سنوورەکە، ساڵانێکی زۆرە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وایکردبوو بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی گوندەکانیان جێبهێڵن و روو لە شارەکان بکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح