قیرتاوكردن دەستیپێكردووە
یەكێك لە پڕۆژەكانی رێگاوبانی چەمچەماڵ جێبەجێ دەكرێت
964+
محەمەد فاتی
بە بودجەی زیاتر لە 100 ملیۆن دینار، پڕۆژەی قیرکردنی شەقامی سەرەکی چەمچەماڵ – شۆڕش – سەنگاو دەستیپێكرد كە پارساڵ داواكارییان بۆ پێشكەش كردبوو، بەڵێنی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی تریش بە هاوڵاتییان درا.
بورهان عەبدوڵا، سەرۆكی شارەوانی شۆڕش، لەكاتی قیرتاوكردنی شەقامەكە لە لێدوانێكدا وتی، “ئەم پڕۆژەیە بودجەكەی 129 ملیۆن دینارە و شەقامەكە بە 8100 مەتر چوارگۆشە و بە درێژایی 650 مەتر، لەسەر بودجەی شارەوانی خۆمان، قیردەكرێت”.
لای خۆیشیەوە رەمك رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، روونیكردەوە، “پڕۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی سەرەكی شۆڕش چەمچەماڵ سەنگاومان بەسەركردەوە و ئەم پڕۆژەیە پار ساڵ داوامان كردبوو، لەئێستادا هاتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە”.
دەشڵێت، پڕۆژەكە یەكێكە لە پێداویستییە گرنگەكانی هاتوچۆ بۆ سنوورەكە و بەتەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، كارئاسانی بۆ دانیشتوانی سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش و سەنگاو و دەورووبەری دەكرێت.
“هاوڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە، كه هەموو ئەو پڕۆژانەی رەزامەندیان لەسەر دراون، لە قوتابخانە و تەندروستی و رێگاوبان و لە هەموو سێكتەرەكانی تر، هەوڵی جێبەجێكردنیان دەدەین”، رەمك رەمەزان واى وت.