ئەو کەسەى رایان دەکێشا وەزیرى دارایى بوو؟
کردیان بە مارى ژنان کوشتوو؛ چارەنووسى وەزیرى دارایى نیپاڵ چى بەسەرهات؟
964+
وریا فەتاح
دوێنێ کە پڕ بوو لە هاواری توڕەیی و ناڕەزایەتى، شەقامەکانی کاتماندۆ بون بە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی نەوەیەکی نوێ و کۆن لە نیپاڵ، ئەوەى زۆر سەرنجڕاکێش بوو ئەو بەرپرسە بوو کە کەوتە دەست خۆپیشاندەران و لە سۆشیال میدیاى کوردى ناویاننا وەزیرى دارایى.
یەکێک لەو ڤیدیۆیانەى زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە بەرپرسێک بوو کە خۆپیشاندەران دوێنێ لە بەیانییەوە دەستگیریانکرد، جارێک دەیانخستە ئاوەوە و جارێکى تر بە شەقام و کۆڵانەکاندا رایان دەکێشا، یەکێک بۆکسى لێدەدا و یەکێ تفى دەکردە ناوچاوى.
لە سۆشیال میدیا و بەشێک لە میدیاى خۆمان وتیان ئەمە وەزیرى دارایى نیپاڵە، بەڵام دواى بەدواداچونمان دەرکەوت ئەو کەسە وەزیرى دارایى نییە.
کەواتا ئەو کەسە کێیە ؟
ئەو کەسە شێر بەهادور دیوبا، سەرۆکی پارتی کۆنگرێسی نیپاڵ و سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتەیە، لەگەڵ هاوسەرەکەی ئارزو رانا دیوبا، لە ماڵەکەی خۆیاندا لە ناوچەیەکى کاتماندۆ رووبەڕووی هێرشێکی خۆپیشاندەران بوونەوە.
خۆپیشاندەران بە توڕەییەوە چونە سەر ماڵەکەى و دەریانهێنا، سەرەتا لە شەقامەکاندا بە شەق و زلە شەکەتیانکرد، دواتر روتیان کردەوە و خستیانە رووبارێکەوە، سەدان کەس وێنەى دەگرت و هوهایان لێدەکرد، چەند کەسێکیش لەناو ئاوەکە رایان دەکێشاو دەیانخستە ئاوەکەوە.
دواین ڤیدیۆى ئەو بەرپرسە ئەوە بوو، لە ئێوارەیەکى درەنگ لەسەر شەقامێک رووتکراوەتەوە و تەنیا شۆرتێکى لەبەرە، خوێنى لێ دەچۆڕێ و خۆپیشاندەران وەک گوریس رایدەکێشن و ئەملاولاى پێدەکەن، جەنابى سەرۆک وەزیرانى پێشوو پەشۆکاوە و بەتەواوى شەکەت ببوو.
چى بەسەرهات؟
دەرکەوت دواى ئەو وانەیەى دوێنێ پێى دراوە، دیوبا و هاوسەری بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەیەندرابوونە نەخۆشخانە، ئەوەش دواى ئەوەى سوپای نیپاڵ دەستێوەردانی کردووە بۆ ڕزگارکردنیان، دۆخی تەندروستییان یەکسەر ئاشکرا نەکرا، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بریندار بوون.