چوار ددانی تاخم لە سورێنچکی نەخۆشێک دەرهێنران - وێنە؛ نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر
نەخۆشخانەی رزگاری ژیانی رزگار کرد
چوار ددانی تاخم لە سورێنچکی نەخۆشێک دەرهێنران
964+
شۆڕش قادری
لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر چوار ددانی تاخم لە سورێنچکی نەخۆشێک دەرهێنران، کە کەس نازانێ کەی و چۆن ئەو ددانانەی قوت داوە.
چەند رۆژ لەمەوبەر هاوڵاتییەک لە هەولێر کارەبا لێیداوە و بێهۆش بووە، دواتر لە چاودێری چڕ خەوێندراوە، ئەمڕۆ سێشەممە 9.9.2025 براوەتە سەنتەری هەرس و جگەر لە نەخۆشخانەی رزگاری، لەوێ تێبینی ئەوە کراوە کە تەنێکی نامۆ لە سورێنچکی نەخۆشەکە هەبووە و رێگر بووە لەهەموو خواردن و خواردنەوەیەک، بۆیە دەبوایە بۆری سلیکۆنی خواردنی بۆ دابنرێت تاوەکو ژیانی رزگار بکرێت.
بەپێی راگەیەنراوێکی نەخۆشخانەی رزگاری، دوای ئەنجامدانی هەناوبینی دەرکەوتووە کە چوار دانە ددانی تاخم لە سورێنچکی نەخۆشەکە گیربووە.
تیمی پزیشکان و کارمەندانی سەنتەری هەرس و جگەر لە نەخۆشخانەی رزگاری بە نەشتەرگەری هەر چوار ددانەکەیان دەرهێناوە و بۆری سلیکۆنی خواردنیشیان بۆ نەخۆشەکە داناوە.