هاوڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە
“بۆ دەرهێنانى کارتی زانیاری پێویستە هەڵگری کارتی بانکی بن”
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی نووسینگەکانی زانیاری سلێمانی رایگەیاند کە لە رۆژی یەکشەممە، 14ـی ئەیلولی 2025ـەوە، هەر هاووڵاتییەک سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکات بەمەبەستی راییکردنی کاروباری تایبەت بە کارتی زانیاری، پێویستە کارتی بانکی پێبێت.
لە ئاگادارییەکدا کە لەلایەن بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە دەرچووە، هاتووە کە ئەم بڕیارە بەپێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامەی هەرێمە.
مەرجێکی سەرەکی بۆ کارپێکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان ئەوەیە کە کارتی بانکییەکە یان بەناوی کەسی سەردانکەرەوە بێت، یان بەناوی کەسێکی پلە یەکی ئەوەوە بێت، بەپێی ئاگادارییەکە، کەسانی پلە یەک بریتین لە (دایک، باوک، کوڕ، کچ، و هاوژین).
ئەم هەنگاوە نوێیە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دیجیتاڵکردن و ئاسانکاری لە پرۆسەکانی کارگێڕیدا دێت و داوا لە هاووڵاتیان کراوە بۆ راییکردنی کارەکانیان پابەندی ئەم رێنماییە نوێیە بن.