شۆڕشێكی نوێ دەبێت

روسیا ڤاكسینێكی نوێی شێرپەنجەی بەرهەم هێنا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئاژانسی فیدراڵی روسیا بۆ پزیشكی و بایەلۆجی FMBA رایگەیاند، ڤاكسینێكی نوێی بۆ نەخۆشییەكانی شێرپەنجە پێشخستووە و قۆناغی تاقیكردنەوەی بە سەركەوتوویی تێپەڕاندووە.

ئاژانسەكە دەڵێت، هەنگاوەكە بێ هاوتایە لە بواری نەهێشتنی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، كە یەكێكە لەو دەردانەی لە جیهاندا چارەسەرێكی ئەوتۆی نییە.

ئاژانسەکە رایگەیاندووە، زاناکان ڤاکسینێکی نوێی شێرپەنجەیان دروستکردووە، کە ئێستا ئامادەیە بۆ بەکارهێنانی کلینیکی، دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی تاقیکردنەوەکە بە سەرکەوتوویی.

ئاماژە بەوەش دەكەن، ئەمە هەنگاوێکە کە بە ئومێدبەخش وەسف دەکرێت لە بەرەنگاربوونەوەی یەکێک لە نەخۆشییە کوشندەکانی جیهان.

لە میانی بەشداریکردنی لە دەیەمین کۆڕبەندی ئابووریی رۆژهەڵات لە ڤلادیڤۆستۆک، سەرۆکی ئاژانسی فیدراڵی روسیا بۆ پزیشكی و بایەلۆجی ڤێرۆنیکا سکڤۆرتسۆڤا رایگەیاند، ڤاکسینە نوێیەکە کە ناوی “Enteromix”ە، لەسەر بنەمای تەکنەلۆجیای messenger RNA (mRNA) دروستکراوە، کە هەمان ئەو تەکنەلۆژیایە لە هەندێک لە ڤاکسینەکانی کۆڤید-19 بەکاردێت. روونیشیکردەوە، ئەم ڤاکسینانە پشت بە ڤایرۆسە لاوازەکان یان ناچالاککراوەکان نابەستن، بەڵکو خانەکانی لەش فێردەکەن بۆ بەرهەمهێنانی پرۆتینی تایبەت کە کۆئەندامی بەرگری هاندەدەن بۆ ناسینەوە و هێرشکردنە سەر خانە شێرپەنجەییەکان.

سکڤۆرتسۆڤا ئاماژەی بەوەش کرد، ڤاکسینەکە چەندین ساڵ لێکۆڵینەوەی زانستی بەسەردا هاتووە، لەناویاندا سێ ساڵ تاقیکردنەوەی پێش کلینیکی ناچاری ئەنجامدراوە و ئەنجامەکانیش دەریانخستووە کە سەلامەتە، تەنانەت بە ژەمە دووبارەبووەکانیش، جگە لەوەی کاریگەری زۆری هەیە.

ئەو دووپاتیکردەوە هەندێک لە تاقیکردنەوەکان دەریانخستووە کە وەرەمەکە بچووک بووەتەوە، یان گەشەکردن بە رێژەی لە نێوان 60% بۆ 80% خاو بووەتەوە، ئەمەش بەپێی جۆری شێرپەنجەکە دەبێت.

هەروەها باشتربوونی رێژەی مانەوە لە نێوان بەشداربوواندا بەدی کراوە.

بەگوێرەی ئەو ئاژانسە روسییە، سەرنجی سەرەتایی ئەم ڤاکسینە لەسەر شێرپەنجەی کۆڵۆن و ریخۆڵە دەبێت، کە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەن و کاریگەریی لەسەر ریخۆڵە گەورە دەبێت.

هەروەها توێژەران سەرقاڵی پەرەپێدانی وەشانی ترنی ڤاكسینەكەن بۆ شێرپەنجەكانی مێشك و پێست.

کۆڕبەندی ئابووری ڕۆژهەڵات کە بۆ ڕاگەیاندنی ئەم پێشهاتە بەکارهاتبوو، زیاتر لە هەشت هەزار و 400 بەشداربووی لە نزیکەی 75 وڵاتەوە راکێشا، ئەمەش رەهەندێکی نێودەوڵەتی بەرچاوی بە چالاکییەکە بەخشی و رێگەی بە زانایانی روسی دا دەستکەوتەکانیان لە مەکۆیەکدا پیشان بدەن، کە پسپۆڕان و بەرپرسان و وەبەرهێنەرانی سەرتاسەری جیهان لەخۆدەگرێت.

چاودێران پێیان وایە چوونە ناوەوەی ڤاکسینەکانی شێرپەنجە لە تەكنەلۆژیای mRNA بۆ تاقیکردنەوە کلینیکیەکان، دەتوانێت نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی گەورە بکات لە چارەسەری وەرەمەكان، بەتایبەتی لەگەڵ گەشەسەندنی هیواکان کە ئەم نزیكبوونەویە دەرگایەک دەکاتەوە بۆ چارەسەری وردتر و کاریگەرتر و کەمتر زیانبەخش بۆ نەخۆشەکان، لە چاو چارەسەری کیمیایی كلاسیكی.

نەخۆشخانەی هیوا: لە شەش مانگدا دوو هەزار تووشبووی شێرپ...

نەخۆشخانەی هیوا: لە شەش مانگدا دوو هەزار تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون