تا ئێوارە خۆتان بگرن 

ژمارەیەك گەڕەكی سلێمانى زیاتر لە 10 رۆژە بێ ئاون

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ماوەی زیاتر لە 10 رۆژ دەبێت، هەریەك لە گەڕەكەكانی كانی با، شاری سپی، گوڵەباخ و كۆمپانیای نەوزاد بەدەست بێ ئاوییەوە گرفتارن،  وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیش دەڵێت، “چاكسازی و كاركردنمان هەبووە لە هێڵی دووی دوكان – سلێمانی، ئەمرۆ تا ئێوارە دابەشكردنی ئاوی ئەو گەڕەكانە دەست پێدەكاتەوە”.

لەبارەی حاڵ و گوزەرانی بێ ئاوییەكەیانەوە، نەسرین محەمەد كە یەكێكە لە دانیشتووانی كۆمپانیای نەوزاد بە 964ـى وت، “ئەوە 10 رۆژە لە چاوەڕوانی چۆڕێك ئاوداین بۆمان بەردەنەوە، بەڵام تائێستا دەنگی ئەوە نییە كەی و چی كاتێك پێمان رەوا دەبینن و لەو بێ ئاوییە نەجاتمان دەدەن”.

دەشڵێت، تەنانەت بەشی خواردنەوەشمان نەماوە و بەدەبەی بەڕاد ئاو دەكڕین، بەتانكەریش ئاومان بەدەست ناگات و داوامان كردووە سەرەمان بۆ دانراوە بۆ سێ رۆژی دیكە، سوپاستان دەكەین دەنگمان بگەیەنن و بەشكم چارەسەرێكمان بكەن.

964 گرفتەكەی گەیاندە لای وتەبێژی ئاوی سلێمانی، ئەویش لای خۆیەوە بە 964ـى وت، “ئاگاداری ئەوە نین دابەشنەكردنی ئاو گەیشتبێتە 10 رۆژ، بەڵام بەشێك لەو گەڕەكانە نزیكەی هەفتەیەك دەبێت ئاویان بۆ نەچووە، چونكە گرفتمان هەبووە لە گەیشتنی ئاو بەسلێمانی، ئەوەش بەهۆی كاركردنەوە بووە لە هێڵی دووی دوكان – سلێمانی، بەڵام گرفتەكە چارەسەر كراوە و دابەشكردنی ئاو دەست پێدەكاتەوە”.

“ناوچەی قڕگەو كانی با فراوانە، ئەمڕۆ ئێوارە كە دابەشكردنی ئاو دەستی پێكردەوە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت تاوەكو سەرجەم گەڕەكەكان ئاویان پێ دەگاتەوە” وتەبێژی ئاوی سلێمانی وای وت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

سلێمانى؛ کەمئاوى دەرگاى مزگەوتێکى تریشى داخست

سلێمانى؛ کەمئاوى دەرگاى مزگەوتێکى تریشى داخست