لۆگۆى دەزگاى مرۆیى مام
زانیاری تەواو بەردەست نییە
چارەنووسی موڵک و ماڵی لالەزار بە کوێ دەگات؟.. دواهەمینیان دەزگای مرۆیی مام
964+
وریا فەتاح
کەسێکی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی دەڵێت، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیراوە بەسەر هەردوو ئۆفیسی دەزگای مرۆیی مام و کۆمپانیای کام پرۆدەکشن، بەڵام هێشتا زانیاری ورد و تەواو لەمبارەیەوە بەردەست نییە.
دەزگاى مرۆیى مام، هەر بەناوی ”مام جەلال”ەوە ناونراوەو لاهور شێخ جەنگى سەرۆکییەتى و وەک رێکخراوێکى کۆمەڵگەى مەدەنى تۆمارکراوە.
کۆمپانیاى کام پڕۆداکشن، کۆمپانیایەکى بوارى بەرهەمهێنانى فیلم سازییە و خاوەنەکەى گەشە حەمە، خێزانى لاهور شێخ جەنگییە.
کەسێک کە لە قسە رۆیشتووەکانی ”دەزگای مرۆیی مام”ـە و 964 دەیناسێت، بە تەلەفۆن وتی، “رۆژێک دواى رووداوەکانى لالەزار، دوو هێزى ئەمنى لە ئاسایش و دەزگاى زانیارى، چونەتە سەر ئۆفێسى دەزگاى مرۆیى مام لە قاتى 2ـى شوقەکانى نەورۆز، بە کارمەندەکانیان وتووە بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە و کیلۆنى دەرگاکان گۆڕدراوە و دەستى بەسەرداگیراوە”.
ئەو کەسە بە هۆکاری ئەمنی خۆی داوایکرد ناوی نەهێندرێت، بەقسەی خۆی ئێستا لە دەرەوەی کوردستانە.
ئەو سەرچاوەیە وتی”دەزگاى مرۆیى مام، کاری خێرخوازی زۆری کردووە لە هەرێم و رۆژئاوای کوردستان.. دواى رووداوەکانى 8ـى تەمموزیش زۆر هەوڵدرا لە لاهور جەنگى بسەننەوە، بەڵام نەتواندرا دەستی بەسەردا بگیرێت”.
“لە هەمان بینا و لە قاتى 10، هەمان رۆژ دەستگیراوە بەسەر کەلوپەلەکانى کۆمپانیاى کام پڕۆداکشن کە گەشە حەمە، خێزانى لاهور جەنگى خاوەنییەتى و سەرجەم کەلوپەلەکان و قاسەى کۆمپانیاکەن لەلایەن ئەو هێزەوە بردراوە”، سەرچاوەکە واى وت.
تائێستا 964 ئەم زانیارییانەی تەنیا لەسەرچاوەیەکی ناکۆکییەکەوە زانیوە، نە هێزە ئەمنییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە، نە پەیامنێری تۆڕەکەمان توانی بچێتە شوێنەکە و لە زانیارییەکە دڵنیا بێت.
لەسەر ئەو بابەتە 964 پەیوەندى بە سەلام عەبدولخالق، وتەبێژى دەزگاى ئاسایشى هەرێم کرد و وتى،”هیچمان نییە وەک لێدوان، لاى ئێمە نییە، ئاگادار نیم”.
هەر ئەمە نییە، ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ بڵاویکردەوە ”هێزێکى ئەمنى هەڵیکوتاوەتە سەر بینایەکى نزیک لە لالەزار و ئۆفێسى پێنج رێکخراوى ناوخۆیى و بیانى دەستى بەسەرداگیراوە و بەشى زۆرى کەلوپەلەکانیان بردراون”.
هیچ شتێکی روون و یەکلاکەرەوە نییە لەسەر چارەنووسی موڵک و ماڵی لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی، تائێستاش دەزگا ئەمنییەکان راگەیەندراوی فەرمییان نەبووەو لێدوان نادەن، بەڵام بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی لە هەندێ شوێن وتوویانە ”ئەو موڵک و ماڵە هەمووی بە پارەی یەکێتی کڕدراون و دەخرێنەوە سەر ئیدارەی گشتی”، ئەمەش تائێستا تەنیا قسەیەو 964 لێی دڵنیا نەبووەتەوە.