لۆگۆی کەناڵی ئاسمانی زووم - وێنە: پێگەی زووم
هەندێ کەرەستە لەوێ نین
بە مەرجی پیشەیی بوون، ئۆفیسی کەناڵی زووم رادەست کرایەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
بە نامەیەک سەرجەم کارمەندانی کەناڵی زووم ئەمڕۆ شەممە 6.9.2025، ئاگادار کراونەتەوە کە ئۆفیسی سەرەکی کەناڵەکەیان لە سلێمانی و لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی دەروازە، رادەست بە خاوەندارێتی کەناڵەکە کراوەتەوە.
رۆژی 22.8.2025 لەگەڵ رووداوەکەی لالەزار، کەناڵی ئاسمانی زووم لەلایەن هێزێکی ئەمنی داخرا، دواتر بەشێک لە ئامێرەکانی بردران، داخستنی کەناڵ و بردنی ئامێرەکانی پەخش پەیوەستی رووداوەکە بوو، چونکە میدیاکە بە نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل ناسێنراوە.
964، پەیوەندی بە سێ سەرچاوەی ناو کەناڵەکەوە کرد ئەوان وتیان، نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە مەرجی ئەوەی پیشەیی کار بکەن، ئۆفیسی کەناڵەکەیانی ئاڕاستەی خاوەندارێتی کەناڵەکە کردووەتەوە، یەکێک لە سەرچاوەکان وتی، لە رابردووشدا زووم، بە هەمان سیستم و مەنهەجی پیشەیی کاری کردووە.
یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوەکرد، 180 بۆ 200 کارمەند ئەم رۆژانە لە چاوەڕوانی هەواڵی خۆش بوون بۆ دەستبەکارکردنەوە، ئەوەی ئێستا روویداوە کارە دروستەکەیە و خاوەندارێتی کەناڵەکە بۆ لاهور شێخ جەنگی و بەرەی گەل ناگەڕێتەوە، بەڵکو بەناوی کۆمپانیای “معادل الزهبی” و لەسەر رۆژنامەنووس هێمن مەحمود تۆمارکراوە، ئەوەش بووە بەهۆکاری سەرەکی گەڕاندنەوەی ئۆفیسەکە.
بۆ دەستپێکردنەوەی پەخش، سەرچاوەکان دوو خاڵیان باسکرد، توانای دارایی کەناڵەکە و دۆزینەوەی سەرچاوەی بۆی، هاوکات باسیان لەوەکرد، لە بەیانی رۆژی 22ی ئاب کاتێک ئۆفیسەکە داخراوە، ژمارەیەک ئامێری پەخش بردراون، تائێستا رادەستی ئیدارەی کەناڵەکە نەکراوەتەوە و ئەوەش رێگرە لە دەستپێکردنەوەی پەخش.
لەگەڵ ئەو گۆرانکارییەدا، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسا لە بەیانێکدا دەڵێ، هەوڵەکانمان بۆ ئازادی کاری کەناڵی زووم هەنگاوێکی بڕی، ئەمڕۆ کلیلی ئۆفیسی کەناڵەکە وەرگیراوەتەوە، پێشوازی لەم هەنگاوە دەکەین، بەردەوام دەبین لە چاودێری پرۆسەی ئاسایی بوونەوەی دۆخی کەناڵەکە بەبێ فشار.
لەبارەی زووم؛
رۆژى 29.8.2022 بە پلاتفۆرمەکانى لە سۆشیال میدیا دەستی بە بڵاوکردنەوەى بەرهەمەکانى کرد، رۆژى 25ـى حوزەیرانى 2024 پەخشى کەناڵى ئاسمانیی زووم دەستی پێکرد، ناوەرۆکى بەرهەمەکانى بە ئاراستەى چارەسەرى کێشە و کەموکورتییەکانە، لە پێگەی فەرمیان نوسراوە، “کێشەکان دەخەینەڕوو لەپێناو چارەسەرکردنیان، تێڕوانینی زووم بۆ کێشەکان بەگوێرەى پەیوەندی و نزیکییەتى لە خەڵک”.
ئەوان دروشمێکیان هەیە، “زووم بێلایەن نییە، لایەنگرى خەڵکە” ئەوە دروشمى سەرەکییانە ودەڵێن، کۆى بەرهەمەکانمان لەو چوارچێوەدا بەرهەمدەهێنین، دامەزراوەکە، مۆڵەتى فەرمیی لە دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق و وەزارەتى رۆشنبیریی هەرێمى کوردستان، سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان وەرگرتووە.