جەوییە لەسەر یاریگای زاخۆ پارێزگاری لەپێشەنگ کرد
خولی نایابی عێراقی .. زاخۆ بە جەوییە دۆڕا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لەگەڕی 18ـی خۆلی نایابی عیراق، زاخۆ لەسەر یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی جەوییەی عێراقی تووشی دوڕان هات و سێ خاڵی گرنگی یارییەکەی لەدەستدا.
لەگەڵ فیکەی ناوبژیواندا، یاریزانانی زاخۆ دەستیان بەهێرشکردن کرد بۆ سەر گۆڵی یانەی میوان، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوو، بەپێچەوانەوە یانەی میوان لەدوای خولەکی 25ـی گێمی یەکەمی یارییەکە کۆنتڕۆڵی یارییەکەیان کرد و لەخولەکی 30 یاریزان موهەند عەبدولرەحیم گۆڵی یەکەمی یارییەکە و یانەی جەوییەی تۆمار کرد و گێمی یەکەمیش هەر بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
جەوییە لە زاخۆی بردەوە و پێگەی خۆی لە پێشەنگ قایمتر کرد
گێمی دووەمی یارییەکە، دیسان یاریزانانی زاخۆ بە هێرشبردن دەستیان پێکرد و هەوڵی زۆریاندا گۆڵی یەکسان تۆمار بکەن، کەچی لەئەنجامی هەڵەیەکی یاریزان رەمەزان سدیق بەرگریکاری زاخۆ، یاریزانانی یانەی جەوییە گۆڵی دووەم و دڵنیایی سەرکەوتنیان بەسەر زاخۆ تۆمار کرد و یارییەکەش بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە.
بەو ئەنجامە یانەی جەوییە پارێزگارییان لەپێشەنگدا کرد و بە 38 خاڵ لەپێشەنگ مایەوە و بەجیاوازی گۆڵ لەپێش یانەی شورتە دێت، هەرچی یانەی زاخۆیە بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ لەڕیزبەندی 13ـەیەمی خولی نایابی عێراق دێت.
پێداچوونەوەی: فەرمان سادق