دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ

“بۆ هیچ کەس و لایەنێک نییە بەدواداچوونەکانمان بۆ کەیسەکانی مافی مرۆڤ سنووردار بکات”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەمڕۆ هەینی 5.9.2025 راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، كە تێیدا باس لە رێگرییەكان دەكەن لە بەردەمیان، لە بابەتی بەدواداچوونیان بۆ كەیسی كوژراو و گیراوانی شەڕەكەی لالەزار لە سلێمانی و دەستگیركردنی سەرۆکی پێشووی حیزبی هاوپەیمانی.

دەستەكە لە راگەیاندراوەكەدا لایەنە ئەمنییەكانی سلێمانی بە تۆمەتبار دەكەن، كە رێگرییان لێدەكەن و زانیارییان پێنادەن.

دەقی راگەیاندراوەكە بەم جۆرەیە:

پەیامێک لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەندێک بابەتی پەیوەست بە ڕووداوی شەڕەکەی لالەزار لە سلێمانی و کەیسی ئارام قادر.

بۆ/ سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان لەهەرێمی کوردستان

هەموو لایەک ئاگادارن کە نزیکەی پازدە ڕۆژ بەسەر ڕووداوی شەڕەکەی لالەزار لە شاری سلێمانی تێدەپەڕێت و دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوامە لە چاودێری کردنی پێشهاتەکان و سۆراغکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە کەس و کاریان زانیاریان لە بارەوەیان نییە و بێ سەر و شوێنن.

پاش ماوەیەک لە چاوەڕوانی بۆ زانینی سۆراغی ئەو کەسانەی تا ئێستا هیچ هەواڵێکیان لە بارەوە نازانرێت.

دەزگای ئاسایش/ سلێمانی لەڕێگەی ڕاوێژکارێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤەوە بە ئێمەی ڕاگەیاند دواین لیستی ناوی بێ سەر و شوێنان کە نێردراوە بۆ دەزگای ئاسایش، لەلای ئێمە نین تەنیا ئەو ئامارەی جاری پێشووتر کە بە دەستەمان دابوو لەلای ئاسایشی سلێمانین.

بەپێی زانیاری و بەدواداچوونی ئێمە ئەو کەسانەی نادیارن بەشێکیان لەدژە تیرۆر یان کوماندۆی سلێمانین، ئەو ڕێگا نەدان و زانیاری پێنەدانە بە کەسوکاریان و بەدەستەی مافی مرۆڤ گومان هەڵدەگرێت و ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو کەسانە ئەشکەنجە درابن و توندوتیژی لەگەڵ یان بەکار هاتبێت لە کاتی دانپێدان بۆیە نایانەوێت کەس بیان بینت.

پێویستە هەموو لایک بزانن ماوەی هەفتەیەکە دەستەی مافی مرۆڤ لەڕێگەی ڕاوێژکارێکی دەستە داوای کردووە کە تیمێکی دەستە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دەستە د. مونا سەردانی بەشێک لەو راگیراوانە بکات لەناویاندا لاهوری شیخ جەنگی، بەڵام دەزگاکانی ئەمنی سلێمانی ڕەتیان کردووە بە بیانووی ئەوەی کە تیمی دەستە پێشتر هاتووە پێویست ناکات دووبارە بێن لە کاتێکدا بۆ هیچ کەس و لایەنێک نییە سەردان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی مافی مرۆڤ سنووردار بکات، ڕاستە پێشتر تیمێکی دەستە سەردانی بەشێک لە ڕاگیراوانی ئەم کەیسە کردبوو، بەڵام ڕێژەی ڕاگیراوان زۆرە و پێویستە چەند جارێکی تر تیمی دەستە سەردانیان بکات تاوەکوو لەنزیکە وە هەموویان بیبینێت.

بەپێی زانیارییەکانی دەستە و سکاڵای بەرەی گەل تا ئێستاش ڕۆژانە ئەندامانی ئەو حیزبە لە سلێمانی و ناوچەکانی تری ئەو سنوورە دەستگیر دەکرێن و هەڕەشەش لە هەندێک کەسی تری نزیک لە لاهور شێخ جەنگی دەکرێت.

هەروەها بەپێی بەدواداچوون و زانیارییەکانی دەستە کەسانێک لە ڕووداوی لالەزار کوژراون، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین زانیاری بدەن و بڵاو بکەنەوە ئەوەش دیسان گومان دەخاتە سەر شێوازی کوشتنیان.

بابەتێکی تری پەیوەست بە ڕووداوەکانی لالەزار هێزە ئەمنییەکان تا ئێستا بەردەوامن لەدەست بەسەر داگرتنی موڵک و ماڵی لاهور شێخ جەنگی و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ناوبراو، تەنانەت بە کەناڵی تەلەڤزیۆنی زوومیشەوە، هەمووی بە هەڕەمەکی کراوە و ئێستاش دەکرێت و لێرەوە داوا دەکەین ئەو کارە ڕابگیرێت و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ڕۆڵی خۆی بگێڕیت لەو بابەتە.

لێرەوە داوا دەکەین دژەتیرۆر و هێزی کۆماندۆ /سلێمانی هەرچی زووە ڕێگە بە دەستەی مافی مرۆڤ بدەن بەدواداچوون بۆ تەواوی ئەو کەیسانە بکەن و ڕێگەش بە کەس و کاری ئەوانە بدەن کە تا ئێستا سەردانیان نەکردوون و پێویستە زانیاریش لەسەر ئەوانە ڕابگەیەنرێت کە تا ئێستا هەواڵیان نییە.

دەمانەوێت ئەوەش بۆ ڕای گشتی ڕابگەینین دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای بینینی ئارام قادر سەرۆکی پێشووی حیزبی هاوپەیمانی کردبوو دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکیش لەسەر ژیان و تەندروستی ناوبراو و شوێن و جێگەی بە ئێمە و کەسوکاریان نەداوە.

دووپاتی ئەوە دەکەینەوە دەستەی مافی مرۆڤ لەگەڵ چەسپاندنی یاسایە بەپێی ڕێکارە ڕێگە پێدراوەکان پشتگیری سەروەری یاسا دەکەین و دژی هەر جۆرە پێشێلکاری و کارێکی هەڕەمەکین و جەختیش لەسەر ڕۆڵی دەستەی مافی مرۆڤ دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە کار ئاسانی بۆ سەرۆک و تیمەکانمان بکرێت بۆ بەدواداچوون بۆ هەر کەیسێک لە هەر کوێ و لای هەر دەزگایەک بێت ئەوەش لە چوارچێوەی کار و ئەرک و دەسەڵاتی دەستەیە کە پەرلەمانی کوردستان بۆی دیاری کردووە وەک دەزگایەکی نیشتمانی سەربەخۆ.

لێرەدا بە هەموو خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین کە ڕاپۆرتێکی وردمان نووسیوە لەسەر ئەم کەیسە لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ چوار سەرۆکایەتی لە هەرێمی کوردستان/ سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دەنێرین.

لە کۆتایدا داوا دەکەین کە لیژنەیەکی باڵا پێک بهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و ڕاستی و دروستی ئەم کەیسە، لە دەرەنجامەکانی خەڵکی کوردستان ئاگادار بکرێنەوە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان

٥/٩/٢٠٢٥

ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ لەسەر رووداوەکەی ناحیەی وەرتێ هات...

ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ لەسەر رووداوەکەی ناحیەی وەرتێ هاتەدەنگ