بەشەئاردی دوو مانگی هەرێم بووەتە قوربانی “هاوسەنگی نرخ”
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی بازرگانی عێراق، پشکی دوو مانگی بەشەئاردی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت بیانووی وەزیری دارایی ئەوە بووە، تا هاوسەنگی نرخی ئارد لە نێوان شارەکانی هەرێم و پارێزگاکانی عێراق بپارێزین، چونکە نرخی ئارد لە شارەکانی هەرێم هەرزانتر بووە بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق.
ساڵی 2022 هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان تەنیا پێنج بەشەئاردیان وەرگرتووە، لە کاتێکدا لە پارێزگاکانی عێراق حەوت بەش دابەشکراوە.
بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی 24.2.2023 بۆ تۆڕی 964 قسەی کرد و دەڵێت، سێ مانگ بەر لە ئێستا نووسراویان کردووە بۆ وەزارەتی بازرگانی لە بارەی ئەوەی بۆچی بەشەئاردی دوو مانگی هەرێم نەنێردراوە، بەڵام وەزارەتی بازرگانی وەڵامیان نەبووە.
رۆژی پێنجشەممە 23.2.2023 وەزیری بازرگانی عێراق ئەسیر غورەیر، لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی دەرکەوت.
بڕیار رەشید، دەڵێت لە کۆبونەوەکەدا پرسیاری دواکەوتنی بەشەئاردی هاوڵاتیانی هەرێمم لە وەزیری بازرگانی کرد، ئەسیر غورەیر وتویەتی “ئەو دواکەوتنە پەیوەندی بە حکومەتی پێشووهوه هەیە، ئێمە لێی بەرپرس نین”.
بە وتەی بڕیار رەشید، وەزیری بازرگانی عێراق ئەوەشی وتوە “بۆیە ئەو دوو بەشە نەنێردراوە، تا پاڵپشتی بەرزنەبونەوەی نرخی ئارد بکرێت لە پارێزگاکانی عێراق، بۆ ئەوەی نرخی ئارد لەگەڵ شارەکانی هەرێمدا هاوسەنگ بێت و بەرز نەبێتەوە”.
گرفتی نەناردنی بەشەئارد هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردوودا پێنج بەشە ئارد و 11 بەشەخۆراکی وەرگرتووە.