چیرۆکى رووبەڕووبونەوەکەى قەزاى شێخان

دوو کارمەندى ئاسایش گیانیان بەخشى و بازرگانێکى مادەى هۆشبەریش کوژرا

964+

هیڤی دێوالی-دهۆک

شەوى رابردوو، لەکاتى هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنت تۆمەتبارێکى داواکراوى مادەى هۆشبەر لە قەزاى شێخان، رووبەڕووبوونەوە و شەڕەتەقە روویدا، بەهۆیەوە دوو کارمەندى ئاسایش گیانیان بەخشى و تۆمەتبارەکەش کوژرا.

چیرۆکەکە بەم شێوەیە بووە، شەوى رابردوو لە هۆڵى “رۆژ” لە قەزاى شێخان، ئاهەنگێکى هاوسەرگیرى بەڕێوە دەچێت، تۆمەتبارێکى مادەى هۆشبەریش داوەتى ئەو ئاهەنگە کراوە، تەنانەت بەپێى ئەو گرتانەى بە 964 گەیشتوون، تۆمەتبار سەرچۆپى گرتووە و شایى دەکات، بەڵام لە دەرەوە هێزێکى ئاسایش چاوەڕێیان کردووە  و فەرمانى دەستگیرکردنیان پێبووە.

بەپێى لێدوانى سەرچاوەیەکى فەرمى لە قەزاى شێخان کە یۆ 964 قسەى کردووە، دواى ئەوەى تۆمەتبار لە هۆڵەکە دێتە دەرەوە، هێزەکانى ئاسایش هەوڵى دەستگیرکردنى دەدەن، ئەویش کاتێک دەزانێت بۆ دەستگیرکردنى هاتوون، رووبەڕووى هێزەکە دەبێتەوە و تەقەیان لێدەکات.

لە ئەنجامى تەقەکردنى تۆمەتبار، سێ کارمەندى ئاسایش بریندار بوون و دوو کارمەندى دیکەش گیانیان بەخشیوە.

تۆمەتبار کە بازرگانى مادەى هۆشبەرە، دانیشتووى ناحیەى قەسرۆکە لە سنوورى قەزاى شێخان، بە وتەى سەرچاوەکە لە شووێنى رووبەڕووبوونەوەکە لەلایەن ئاسایشەوە پێکراوە و کوژراوە.

سەرچاوەکە باسى لەوەشکرد، ئەو کەسە بازرگانى مادەى هۆشبەر بووە و فەرمانى دەستگیرکردنەکەشى هەر لەسەر ئەوە بووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

گیانلەدەستدان بوون بە سێ؛ کەسێکى تر لە رووداوەکەى شێخا...

گیانلەدەستدان بوون بە سێ؛ کەسێکى تر لە رووداوەکەى شێخان گیانى لەدەستدا