دیمەنی کارمەندێکی کارەبا لە کاتی کارکردن لە ماڵێک - وێنە: وەزارەتی کارەبا
سەرۆکی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤ؛
“بۆ یەک مانگ 787 هەزار دینار پارەی کارەبام بۆ هاتووەتەوە”
964+
ئەحمەد مستەفا
سەرۆکی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤ، کە لە قەزای عەنکاوەی هەولێر دادەنیشێ، بۆ کرێی یەک مانگی کارەبا لە پڕۆژەی رووناکی 787 هەزار و 500 دیناری بۆ گەڕاوەتەوە، ئەو دەڵێ، “وەحدەکانی کارەبا زۆر گرانە”.
زیا پترۆس، سەرۆکی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤ بوو، پێش ئەوەی لە ساڵی 2021 خانەنشین بکرێ.
ئەو ئەمڕۆ سێشەممە 2.9.2025 بە 964ی وت، بۆ یەك مانگ و لە 14.6.2025 بۆ 14.7.2025، بڕی 787,500 هەزار دینار پارەی کارەبای بۆ گەڕاوەتەوە، ئەوەندەی سۆراغی کردووە، هاوڵاتییانی دیکەش پسوڵەكانیان گەیشتووە بە هەمان نرخ و کرێی زۆریان بۆ گەڕاوەتەوە.
ئەوە تێبینی سەرەکی بوو لای پترۆس، بەرزی وەحدەکانی کارەبا بوو، کە لە 72 دینارەوە بۆ 350 دینار بە گوێرەی بەکارهێنانی کارەبا کرێی زیاتر هەژمار دەکات، ئەو وتی، هەر خێزانێک بەم وەرزی گەرمایە، پێویستی بە فێنککەرەوە و تەلەفزیۆن و سەلاجە و مجەمیدە هەیە، لە کەمترین بەکارهێنان سەرجەم وەحدەکان پڕ دەبێتەوە، بەوەش نرخی کارەبا بە دووجا کراوە، لەسەر هەژمارەکە زیاد دەکات.
بە گوێرەی وەسڵەکانی کارەبای ماڵی زیا پترۆس بێت، بڕی هەمان ئەو نرخەی کە دانراوە بۆ یەک وەحدە وەک کرێ گەڕاوەتەوە، بەڵام ژمارەی وەحدەکانی بەکارهێنان زۆر بوون، ئەو دەڵێت، ئەو زیادکردنەی نەخوازراو بە باوەڕی من لەسەر وەحدەکانی کارەبا، زیاترە لە %600 بووە، ئەوەش قورساییە لەسەر خێزان، بە تایبەتی لە کاتێكدا موچە دڵنیایی پێدانی نییە و خەڵکیش بۆ ئەو دۆخە پەیوەندیان پێوە کردووە.
سەرۆکی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤ پێشنیاری ئەوە دەکات، دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ نرخەکانی ئێستا بکرێت لە پڕۆژەی رووناکی کارەبا، كە بگونجێت لەگەڵ داهاتی خێزانەکانی کوردستان، هەروەها روونكردنەوەی سازان بكرێت بۆ بڕی پسوڵەكانی لێهاتوون و هۆکاری ئەم زیادبوونەی نەخوازراوە، هەروەک داوای کرد، کارەبا بکرێ بە هۆکارێک بۆ خزمەت نە کاڵایەکی بازرگانی.
بۆ گرفتەکەی سەرۆکی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤ، 964 پەیوەندی بە بریکارەکانی پڕۆژەی رووناکی کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە، گەرچی بە گوێرەی هەژمارەکەی بێت، لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای یەکی هەولێر، تۆمار کراوە.
