لە دەرەوەی پڕۆژەكەن

بێ‌ ئاوی یەخەی چەند گەڕەكێكی كوردی كەركوكی گرتووە

964+

محەمەد فاتیح

ناوچەی شوان و چەند گەڕەكێكی كوردی شاری كەركوك، رووبەڕووی بێ‌ ئاوی بوونەتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاویش دەڵێت، ئەو شوێنانە زیادەڕۆن و پڕۆژەی ئاوەكانیان جیاوازە و لە هەوڵی چارەسەركردنیداین.

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوى كەركوك، به 964ـى وت، بەشێوەیەكی گشتی ئاوی ماڵان لەناو سەنتەری شاری كەركوك هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵام ئەو شوێنانەی ئەو بە زیادەڕۆ ناوی بردن، وەك شۆراو و سێكانیان و پەنجا عەلی، بەدەست بێ‌ ئاوییەوە دەناڵێنن.

وتيشى، كێشەی ئەم گەڕەكانە و هەروەها ناوچەی شوانیش ئەوەیە، پڕۆژەكەیان بەدەرە لە پڕۆژەی ئاوی سەرەكی كەركوك و پشت بە ئاوی بیر دەبەستێت، كە بەهۆی كەمبارانیەوە وشكی كردووە، بەڵام ئێمە چارەسەری كاتیمان بۆ كردوون و لەئێستادا خەریكی بیرلێدانی ترین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.

” 20 تەنكەری ئاومان دابینكردووە لەناو شاری كەركوك، بۆ ئەو ماڵانەی یان ئەو ناوچانەی رووبەڕووی كێشەی بێ‌ ئاوی دەبنەوە، هەموو ناوچەكانی كەركوكیش بەرپرسێكی ئاوی لێیە و میكانزمێكی تایبەتییان هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی رووبەڕوویان دەبنەوە”، راگەیاندنی ئاوى كەركوك وا دەڵێت.

لە ناوەڕاستی مانگی پێشوو (هەشت)، پەیامنێری تۆڕی 964، دەنگی ناڕەزایەتی دانیشتووانی گەڕەكی شۆراوی كەركوكی گەیاند، كە بەهۆی بێ‌ ئاوییەوە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەردەبڕی.

دانیشتووانی گەڕەکی شۆراوی کەرکوک بەم چلەی هاوینە ئاوی...

دانیشتووانی گەڕەکی شۆراوی کەرکوک بەم چلەی هاوینە ئاویان نییە و هاواریان لێ هەڵساوە