دوو مانگى ماوە
قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر بەرەو تەواو دەچێت
964+
وریا فەتاح
كارەكانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت و دەست بە قۆناغی سێیەم دەكرێت.
پارێزگاى هەولێر بڵاوى کردەوە، ئەو گەڕەك و گوندانەی لە قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر سوودمەند دەبن، لە نێوان هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەترین و بریتین لە؛ عەنكاوە، 32ـی پارك، كورانی عەنكاوە، بەحركە، گردجووتیار و سێبەردان و چەندان گەڕەك و گوندی تر.
بۆ چارەسەركردنی كەمیی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر، پارساڵ مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێری دانا و بە ماوەی كەمتر لە ساڵێك قۆناغی یەكەمی تەواو كرا.
تێچووی پڕۆژەكە 480 ملیۆن دۆلارە و لە سەعاتێكدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەكات.
پێشتر سەرچاوەی ئاوی پاك لە هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (1 و 2 و 3) 10 هەزار مەتر سێجا بوو، بەڵام ئەو پڕۆژەیە دوو بەرانبەری ئەو سێ پڕۆژەیە بەرهەمی ئاوی هەیە و تا 30 ساڵی ئایندە، كێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەكات، هاوكات لەم پڕۆژەیەدا ڕەچاوی فراوانبوونی شاری هەولێر و زیادبوونی خواست لەسەر ئاو لە ئایندەدا كراوە.
قۆناغی یەكەم و تەواوبوونی پڕۆژەكە 10 هەزار مەتر سێجایە، دوای فلتەركردن و پاككردنەوەی بە ستانداردی نێودەوڵەتی، ئاو بۆ 20 گەڕەكی هەولێر دەگوازێتەوە و ئاوی پاك دابین دەكات.
پڕۆژەكە بە كەمتر لە كاتی دیاریكراو و بە كۆمپانیا و دەستی كاری خۆماڵی جێبەجێ كرا، بڕیارە مانگی 11ـى ئەمساڵ قۆناغی دووەم تەواو ببێت و ئاو بگەیەنێتە گەڕەكەكانی هەولێر.