"وابڕوا چێرنۆبڵێكی دیكە بەڕێوەیە"

بۆنی ناخۆش و گازی ترسناک دوزخورماتوویان هەراسان كردووە

+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ماوەی چەند رۆژێكە بۆنێکی ژەھراوی و ناخۆش لە سەنتەری قەزای خورماتوو بڵاوبووەتەوە و ھاوڵاتیانی بێزار کردووە، بۆنە زیاتر شەوان بڵاودەبێتەوە، كە بۆنی كارگە و پاڵاوگەكانی قەزاكەیە، ھاوڵاتیانیش ناتوانن تەنانەت موبەریدەکانیان ئیش پێ بکەن، هاوڵاتییەك دەڵێت كارەسات لە خورماتوو بەڕێوەیە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەددینیش دەڵێت، خەریكی بەدواداچوونین.

ھاوڵاتیانی خورماتوو بەنیگەرانیەوە باسی ئەو بۆنە ناخۆشە دەکەن و دەڵێن ماوەیەکی زۆرە ئەو دوکەڵە ژەھراوییە بەسەریاندا دەڕژێت، بە تایبەت لەم چەند رۆژەدا چڕ بووەتەوە.

هاوڵاتییەك بە ناوی هەڵكەوت محەمەد بە 964ی وت، جارێ خەڵك هەستی پێناكەن، بەڵام لە داهاتوودا بۆیان دەردەكەوێت كە چ بەڵا و چ كارەساتێكیان بەسەر هاتووە و تووشی چەند جۆر نەخۆشی دەبن.

هاوڵاتییەكی دیكەی خورماتوو بە ناوی هەڵكەوت رەمەزان بە 964ی وت، جاران کیمیاباران دەکراین لەلایەن بەعسەوە و ئێستا لەلایەن کارگە و پاڵاوگەکانەوە بە جۆرێکی تر ژەھر لەناو شاردا بڵاودەکرێتەوە.

وتیشی، وابڕوا خورماتوو چۆڵ دەكرێ و چێرنۆبڵێكی دیكە بەڕێوەیە.

یاسین محەمەد، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی سەڵاحەددین لە بارەی ئەو كێشەیە، بە 964ـی وت، “ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەسەر ئەو بۆنە ژەھراوییە دەستپێکردووە و لە پەیوەندیداین لەگەڵ بەڕێوەبەری ژینگەی سەڵاحەددین، چونکە ئەم بۆنە زیانی تەندروستی بۆ ھاوڵاتیان هەیە، بەشێک لە پاڵاوگەکانیش فلتەریان بەکارھێناوە و لیژنەکە لێکۆڵینەوە لەسەرجەم کارگەکان دەکات، بۆ ئەوەی ئەو کارگانەی پابەندی رێنماییە ژینگەییەكان نین، لێپێچینەوەی توندیان لەگەڵدا دەکرێت.

لە سنوری خورماتوو نزیکەی 10 کارگە و پاڵاوگە ھەن و سەرجەمیان ئەھلیین، بڕیارە چەند کارگەیەکی تریش لە سنووری قەزاکە دابمەزرێندرێن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

"فریای ژینگەی کوردستان نەکەوین خراپمان بەسەردێت"