لە پردەکانەوە بۆ قوتابخانەکان
گەنجانی خۆبەخش سیمای شاری هەولێر دەگۆڕن
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
گرووپێکی گەنجانی خۆبەخش لە رێکخراوی “Maple Tree” دەستیان بە کەمپینی “رەنگاڵە” کردووە بۆ پاککردنەوە و نەخشاندنی شوێنە گشتییەکان لە شاری هەولێر،ئامانجی سەرەکی ئەم کەمپینەش پەرەپێدانی هۆشیاری ژینگەیی و جوانکردنی سیمای شارەکەیە.
جوتیار حەیدەر، یەکێک لە گەنجە خۆبەخشەکانی گرووپەکە، بە 964ـی راگەیاند: “لە درێژەی کەمپینی رەنگاڵەدا، هەڵساین بە سڕینەوەی دروشمە ناشرینەکان لەسەر دیواری قوتابخانەکان و شوێنە گشتییەکان، هەڵمەتی ئەمجارەمان قوتابخانەی ئەیوبیە بوو لە گەڕەکی تەیراوا، کە تیایدا وێنەی ئاڵای کوردستان و چەند نەخشێکی دیکەمان نەخشاند کە سیمایەکی جوانتر بە شارەکە دەبەخشێت.”
ئاماژەی بەوەشدا، کە کارەکانیان تەنیا بە قوتابخانەکانەوە ناوەستێت و لە داهاتوودا ژێر پردی 120 مەتری رێگای سێبیران و پاشان ژێر پردی 120 مەتری رێگای شەقڵاوەش بە هەمان شێوە بۆیە دەکەن و جوانکاری تێدا دەکەن، بەمەش دەیانەوێت رۆڵێکی کارا لە خزمەتکردنی شارەکەیاندا بگێڕن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر