لۆگۆی شارەوانی سلێمانی
شارەوانیی سلێمانی
وردبینیکردن لە فۆرمی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران دەستیپێکرد
964+
ژێوار خدر
دوای دەستپێکردنی دابەشکردنی زەوی بە سیستمی تیروپشکی ئەلیکترۆنی لە 28.8.2025، ئێستا لیژنەکانی دابەشکردنی زەوی لە شارەوانی سلێمانی کاری وردبینیکردن بۆ فۆرمی داواکاری زەوی فەرمانبەران دەکەن.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، لیژنەکانیان دەستیان بە وردبینیکردنی فۆرمی داواکاریی فەرمانبەران کردووە، داواش لە فەرمانگەکان دەکات فەرمانبەرانیان لە چەند حاڵەتێک ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی تووشی لێپێچینەوەی یاسایی نەبن.
خاڵەکان ئەمانەن
– ئەگەر فەرمانبەر پێشتر سوودمەند بووبێت و زانیاریی دروستی نەدابێت.
– ئەگەر فەرمانبەری گرێبەست بە هەڵە فۆڕمی پڕکردبێتەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەرزکرابێتەوە.
– ئەگەر خزمەتی فەرمانبەر کەمتر لە 8 ساڵ بێت و فۆڕمی پڕکردبێتەوە.
– ئەگەر هەردوو هاوسەر فەرمانبەربن و هەردوولا فۆڕمیان پڕکردبێتەوە.
شارەوانیی سلێمانی جەختیشی کردووەتەوە، کە پێویستە فەرمانگەکان بە نووسراوی فەرمی ئاگاداریان بکەنەوە و فەرمانبەرانیش راستەوخۆ سەردانی شارەوانی نەکەن، بەڵکو لە رێگەی لیژنەکانی خۆیانەوە پرسیار و داواکارییەکانیان بگەیەنن بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت.