"شکور سەلامەتن"

کەسوکارى گیراوانى لالەزار چاویان بە کوڕەکانیان کەوت

964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

ئەمڕۆ، ژمارەیەک لە کەسوکارى دەستگیرکراوانى لالەزار، لە زیندانى کانى گۆمە چاویان بە کوڕەکانیان کەوت و تاوێک پێکەوە بوون.

غەریب رەشید، باوکى یەکێک لە دەستگیرکراون کە 20 خولەک لە زیندان لاى کوڕەکەى بووە، بە 964ـى وت،”دۆخى زۆر باشبوو، وتویەتى هیچ ئەشکەنجە و ئازارێک نەدراون و سێ ژەم خواردنیان پێدەدرێت”.

وەک ئەوەى مام غەریب باسى دەکات، ئەوانەى گیراون هەمووى کوڕى فەقیر و هەژارن، بۆ نانى خۆیان بوونەتە پاسەوان، پەیوەندیان بە هیچ شتێکەوە نییە.

داواش دەکات، حکومەت و بەزوویى کارێک بکات بۆ ئەوەى کوڕەکانیان ئازاد بکرێت.

سەرەڕاى ئەوەى لە زیندانە، بەڵام مام غەریب شوکرە بەوەى کوڕەکەى لە رووداوەکەدا نەکوژراوە، وەک دەڵێت،”ئەو شەوە هەموومان دەگریاین، نەک تەنیا بۆ کوڕەکەم بۆ هەموو ئەوانەى لەو رووداوەدا بوون”.

دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ، بە هەماهەنگى لەگەڵ ئاسایشى سلێمانى، ئەمڕۆ یەکشەممە و سبەى دووشەممەى دیاریکردووە بۆ کەسوکارى دەستگیرکراوانى لالەزار، تابچن لە زیندانى کانى گۆمە کوڕەکانیان ببینن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح