مردن بەهۆی پەتای كۆلێرا زیادی كردووە
تەندروستیی جیهانی:
مردن بەهۆی پەتای كۆلێرا زیادی كردووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راپۆرتێکی نوێدا هۆشداری داوە لە زیادبوونی رێژەی مردن بە نەخۆشی کۆلێرا لە سەرانسەری جیهاندا.
لە راپۆرتەکەی رێکخراوەکەدا هاتووە: “لە هەفتەی پەتازانیی 27 تا 30ی تەمموزی 2025، 67 هەزار و 705 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆلێرا و سکچوونی توند لە 18 وڵات و هەرێم و دوو ناوچە لە دوو هەرێم، كە رێکخراوی تەندروستی جیهانی سەرپەرشتییان دەكات، تۆمارکراوە.
رێكخراوەكە دەڵێت، ئەم ژمارەیە بەراورد بە مانگی تەمموزی رابردوو 2% زیادی کردووە، كە لە مانگی پێشوودا 624 حاڵەتی مردنی پەیوەندیدار بە کۆلێرا لە جیهاندا تۆماركراوە، کە رێژەكە 14% بووە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راپۆرتەكەیدا هەروەها دەڵێت، لە مانگی تەمموزی ساڵی 2025 ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆلێرا بە رێژەی 43% زیاتر بووە بە بەراورد بە مانگی تەمموزی 2024، بە جۆرێك لەو مانگەدا 96 هەزار و 197 حاڵەت هەبوون و 436 حاڵەتی مردن بەهۆی کۆلێرا لە 21 وڵاتدا تۆمارکراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، کە لە 1ی کانوونی دووەم تا 27ی تەمموزی 2025، کۆی گشتی 382 هەزار و 718 حاڵەتی کۆلێرا و چوار هەزار و 478 حاڵەتی مردن بەهۆی نەخۆشییەکە لە 31 وڵات لە سەرانسەری چوار ناوچەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیدا تۆمار کراوە.
تەندروستیی جیهانی شوێنی بڵاوبوونەوەی پەتاكەی بۆ چوار ناوچە دابەش كردووە، كە ھەرێمی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین رێژەی تۆمارکردووە، ھەرێمەكانی ئەفریقا و باشووری رۆژھەڵاتی ئاسیا و ئەمریکاش لە پلەكانی دووەم و سێیەم و چوارەمدان، لە هیچ یەکێک لە ناوچەکانی تری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “ناکۆکییەکان، ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ، کارەساتی سروشتی و گۆڕانی کەشوهەوا بەشداربوون لە توندبوونەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، بەتایبەتی لە گوندەکان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی لافاو لە سەرانسەری جیهاندا.
رێكخراوەكە ئەوەش رووندەكاتەوە، “ژێرخانی لاواز و نەبوونی چاودێریی تەندروستی، دەبێتە هۆی دواکەوتنی چارەسەرکردن، ئەمەش وادەکات بڵاوبوونەوە و کۆنتڕۆڵکردن ئاڵۆزتر بێت”.