سنووری پێنجوێن
تەقینەوەی مین 200 دۆنم زەوی و پاوانی سووتاند
+964
کامیار کەمال- 964
لە ماوەی کەمتر لە 24 كاتژمێردا ئاگر بەرۆکی دوو گوندی پێنجوێنی گرت و زیاتر لە 200 دۆنم زەوی و پوش و پاوان و دارستان سووتاون، هۆکاری ئاگرێکیان تەقینەوەی مین بووە.
سەرەتا ئاگرەکە لە گوندی ئەحمەد کلوان لە نزیک کاتژمێر 10ی شەوی رابردوو کەوتەوە و رێبوار کەمال سەرۆکی رێکخراوی ملەکەوە لە جێگای ئاگرەکە بە 964ی راگەیاند، مینێک تەقیوەتەوە و ئاگرەکەی هەڵگیرساندووە، بەهۆیەوە زیاتر لە 100 دۆنم سووتاوە و لە کاتژمێر 4ی بەیانی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا.
وتیشی، تەواوی ناوچەکە مینڕێژ بووە و ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و چواردەوریان لێگرتووە، تا ئاگرەکە لە کێڵگەی مین هاتووەتە دەرەوە و کۆنتڕۆڵ کراوە.
ئاگری دووەم لە گوندی هەڵاڵاوا کەوتووەتەوە لە کاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆ و بەختیار عەلی ئەندامی رێکخراوی ملەکەوە بە 964ی راگەیاند، هۆکارەکەی دیاری نەکراوە و بەهۆی زۆریی دارستان و سەختی ناوچەکە، بە قورسی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و هاوکاتیش دارە سووتاوەکان هۆکارێک بوون بۆ هەڵگیرسانەوەی ئاگرەکە.
وتیشی، لە کاتژمێر نزیک هەشتی ئەم ئێوارەیە تواندراوە ئاگڕەکە کۆنترۆڵ بکرێت و دوای چاودێرییش شوێنەکە بەجێدەهێڵن.
بەهۆی هەردوو ئاگرەکەوە زیاتر لە 200 دۆنم لە پێنجوێن سووتاون و تەنیا لە کەمتر لە 24 كاتژمێردا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا