دیمەنی ماسییەکی لەناوچوو لە رووباری سیروان ... وێنە؛ هۆگر ئەحمەد.
ڤێتەرنەری گەرمیان:
“هۆکاری لەناوچوونی ماسییەکانی رووباری سیروان دەرمان بووه”
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت دەرمان کردنەناو رووباری سیروان، ھۆکاری لەناوچوونی ماسییەکان و زیندەوەرانی دیکەی ناو رووبارەکە بووە.
درەنگانێکی شەوی 5ـی ئەم مانگە، ھەواڵی لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆر لە ماسی ناو رووباری سیروان لە نزیک گوندی بەردەسووری کۆن لە کەلار بڵاوبووەوە، دواتر بە بریاری وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەک لەسەر ھۆکاری لەناوچوونیان پێکھێنرا.
ئاریان ئیبراھیم بەڕێوەبەری گشتی ڤێتەرنەری گەرمیان بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ رایسپاردین، لیژنەیەکمان پێکھێنا، لیژنەکە پێکھاتبوون لە ڤێتەرنەری، کشتوکاڵ، پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان لەگەڵ پۆلیسی کەلار”.
“لیژنەکە چوونەتە سەر رووبارەکە و دوای پشکین و لێکۆڵینەوە، دەرکەوت دەرمان کراوەتە ناو رووبارەکە، بەوھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە ماسی و زیندەوارانی دیکە لەناوچوون”، ئاریان ئیبراھیم وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، نازانن بە دیاریکراوی چ جۆرە دەرمانێک بەکارھاتووە، بۆ ئەو پشکنینە ئامێرێکی دەوێت کە لە کوردستان نییە.
لەبارەی ئەوەی کەس لەسەر ئەو کارە دەستگیر کرابێت، 964 پەیوەندیکرد بە ھاشم عەلی، وتەبێژی پۆلیسی دارستانی گەرمیان، ئەو وتی، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە بەڵام تا ئێستا کەس دەستگیر نەکراوە”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری