پێشتر لە ڤیچەرێکی 964دا دەركەوت
دییە وەلی ئێستا دوور لە باوکی یاریی دەکات و پەیامی بۆ دەنێرێت
+964
دەشتی عارف ـ هەولێر
دییە وەلی کچە یاریزانێکی بالەی دەربەندیخانە، پێشتر لە ڤیچەرێکی 964دا باسی لەوە کرد بوو باوکی لەهەموو یارییەکان لەگەڵیدایە و تەنانەت لە راهێنانەکانیشدا جێی نەدەهێشت، بەڵام ئێستا دییە بەبێ ئامادەبوونی باوکی یاریی دەکات و ئەمەش هەستێکی ناخۆشی پێی داوە.
دییە وەلی، ئێستا یاریزانی یانەی سەنحاریبی دهۆکە، قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “بڕیارم دا ئاڵنگارییەکی نوێ تاقیبکەمەوە، بۆیە سەنحاریبم هەڵبژارد و دڵخۆشم بە یاریکردن لەو یانەیە و هیوادارم ئاستی بەرزتر پێشکەش بکەم”.
سەبارەت بە باوکیشی وتی، “باوکم ئێستا لە دەربەندیخانە و لەبەر دووری رێگاکە نامەوێت بێت بۆ یاریگە، بەڵام زۆر حەزم دەکرد ئامادەی یارییەکان بێت، جێهێشتنی باوکم و دەربەندیخان بۆ من ئاسان نەبوو، بەڵام بڕیارم دا رێگەی خۆم بگرمەبەر”.
“جیاوازییەکی زۆر هەیە لەوەی کاتێک باوکم لەناو یاریگە هانی دەدام و ئێستاش کە ئامادە نابێت، دڵ تەنگم، چونکە هێز و پشتیوانم باوکم بوو”، دییە وای وت.
ئەو كچە یاریزانە لە رێگەی 964ـەوە پەیامی خۆشەویستی بۆ باوكی دووپاتكردەوە و دەڵێ، باوكە گیان خۆشم دەوێی.
دیداری ئەمڕۆی 964 و دییە وەلی لە عەنكاوەی هەولێر بوو، كە پاڵەوانیەتی تۆپی بالەی كچانی یانەكانی عێراق دەستیپێكرد و یانەكەی دییەش بەشدارن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا