لە دوو گۆڕی بەكۆمەڵدا بوون

رووفاتی حەوت کەسی دەڤەری بەرگارە بە خاک دەسپێردرێنەوە

964+

هیڤی دێوالی-دهۆک

لە دەڤەری بەرگارە روفاتی حەوت کەس کە لە دوو گوڕی بەکومەڵدا دەرهێنراون، ئەمڕۆ لە گوندی مێرگەتیێ بە خاک دەستپێردرێنەوە.

ئەو حەوت هاوڵاتییە لە ساڵی 1988 لەلایەن  سوپای عێراقەوە لە نزیک گوندی مێرگەتیێ گولـلەباران کران و لەلایەن چەند کەسێکی خەڵکی گوندەکەوە لەناو دوو گۆڕدا نێژرابوون، دواتر لەسەر داوای خێزانەکانیان بریاردڕا رووفاتەکان دەربهێنرێنەوە و بە جیاجیا بنێژرێن.

ناوی هەر حەوت کەسەی دەڤەری بەرگارە پێكهاتوون لە، “حەمۆ ئەحمەد حەمۆ، رەمەزان ئەحمەد حەمۆ (کە دوو برای یەکن)، مستەفا عەبدولقادر، محەمەد ساڵح، حەمۆ ئەحمەد، سادق سەعید، جبرائیل شەعبان، عادل محەمەد”، كە ئەمڕۆ لە گۆڕستانێکی تایبەت بەخاک دەسپێردرێنەوە.

لەمبارەیەوە ئەمڕۆ دووشەممە 2025.8.25، ژیان مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، نووسراوێکیان ئاراستەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان کرد ، کە دوو گۆڕی بەکۆمەڵ لە دەڤەری بەرگارە هەن، پێویستە  مۆنۆمێنتێکیان  بۆ دروست بکرێت، دواتر لیژنەیەک پێکهێنرا و رووفاتی حەوت کەسەکە لە هەردوو گۆڕەکە دەهێنران، کە لە گۆڕێکیاندا سێ کەس بوون و لەوەی دیکەیان چوار کەس.

ئاماژەی بەوەش دا، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر رووفاتەکان رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کرا و پشکنینی DNA بوویان کرا، ئەمڕۆش کاتژمێر 6:30ی ئێوارە لە رێورەسمێکی تایبەتدا لە گوندی مێرگەتیێ بەخاک دەسپێردرێنەوە.

باس لەوەش کرد، بەپێی ئامارێکی لەبەردەستیاندایە، تا ئێستا هەزار و 550 کەس لە سنووری پارێزگای دهۆک بێسەروشوێنن و نەدۆزراونەتەوە.

گوندی مێرگەتیێ دەکەوێتە کومەڵگەی ئازادی لە ناحیەی سەرسنگ لە سنووری قەزای ئامێدیی پارێزگای دهۆک.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

گۆڤاری تۆپزاوە ژمارەی روفاتی ئەنفالكراوان بۆ 964 ئاشكرا...

گۆڤاری تۆپزاوە ژمارەی روفاتی ئەنفالكراوان بۆ 964 ئاشكرا دەكات