هەولێر

بەهۆی تابلۆیەکی لیۆناردۆ داڤینچییەوە چێشتخانەیەک داخرا

964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر چێشتخانەیەکیان داخست بەهۆی بەکارهێنانی تابلۆیەکی هونەرمەندی بەناوبانگی ئیتالی، لیۆناردۆ داڤینچی، کە بە “کۆتا خوان” ناسراوە، وەک ریکلامێک بۆ چێشتخانەکەیان.

مەسعود مستەفا، کارگێڕی لێژنەی پشکنین و چاودێری بازاڕ بە 964ی راگەیاند، بڕیاری داخستنەکە لەسەر فەرمانی راستەوخۆی قایمقامی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید، دەرچووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە چێشتخانەکەش بە 964ی وت، کە بەکارهێنانی ئەم تابلۆیە تەنها وەک بیرۆکەیەکی سەردەمیانە بووە بۆ ریکلامکردن و هیچ مەبەستێکی ئایینی لە پشتەوە نەبووە.

تابلۆی “کۆتا خوان” یەکێکە لە بەناوبانگترین کارە هونەرییەکانی جیهان و وێنەی حەزرەتی مەسیح و قوتابییەکانی نیشان دەدات لە کۆتا ژەمی ئێوارەدا پێش ئەوەی لە خاچ بدرێت.

پێداچوونەوە: مستەفا نەهرۆ