راكێشانى ئاو و رێگاسازین
پاره بۆ سێ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له سلێمانی خه‌رج ده‌كرێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
وه‌زاره‌تى شارەوانی و گەشتوگوزار ده‌ڵێت، ره‌زامه‌ندیان داوه، له‌سه‌ر خه‌رجكردنی سێ گوژمه به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی سێ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له بواری ئاو و شاره‌وانیدا له سنوری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی سلێمانی.
بڕى پاره‌كه بۆ ئه‌م پڕۆژانه دیاری نه‌كردووه به‌ڵام ده‌ڵێت، 100%ـی گوژمه‌كه له داهاتی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی و 17% شی له داهاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی سلێمانییه و به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كانی دارایی تایبه‌ت به داهات له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌وه ره‌زامه‌ندی خه‌رجكردنیان دراوه.
پڕۆژه‌كان بریتین له راكێشانی تۆڕی ئاو بۆ جیاكراوه‌كانی 59-60ـی كه‌رتی 2 قڕگه، راكێشانی بۆری ئاو له گه‌ڕه‌كی راپه‌ڕین، هه‌ره‌وه‌ها جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی كاری كۆنكرێتكردن و راكێشانی كربستۆن بۆ تۆڕی شه‌قامی جیاكراوه‌ی نۆكانی 140 قڕگه‌ی به‌رده‌م وێستگه‌ی ئاوی قڕگه له گه‌ڕه‌كی ماردین.
له هه‌فته‌كانی رابردوشدا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی به‌هه‌مان شێوه ره‌زامه‌ندیدا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی ژماره‌یه‌ك گوژمه‌ی دیكه بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری له سنوری شاری سلێمانی.