سایلۆی گەنمی هەولێر. وێنە:964
دووەم جارە دەنێردرێت
وەزارەتی بازرگانى داوای پارەی گەنمی جوتیاران لە بەغدا دەکات
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی بازرگانیى هەرێمی کوردستان، لە نوسراوێکدا بۆ بەغدا داوای ناردنی پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران دەکات و دەڵێت، نووسراوەکە دووەم جارە دەنێردرێت.
وەزیری بازرگانیی عێراق داوای نوسراوێکی نوێی بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان کردووە و نووسراوەکەیان رادەستکردووە.
ئەمڕۆ شەممە 23.8.2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى، بە 964ـی راگەیاند، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراق کۆبووەتەوە و وەزیرەکەی عێراق داواى نووسراوى نوێى کردووە بۆ پارەى گەنمى جوتیارانى هەرێمى کوردستان.
“نووسراوەکەمان رەوانەى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا کردووە کە پارەى گەنمى ئەمساڵ هیچ برێک خەرجنەکراوە و ئەوانیش گەیاندوویانە بە وەزیرى بازرگانى عێراق”، نەوزاد شێخ کامیل وای وت.
رۆژی 11.6.2025 حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەوێڵەی بازرگانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە سلێمانی وتی، تا ئێستا سێ ملیۆن و 600 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی عێراق وەرگیراوە و پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵی گەنم زیاتر بێت لە چوار ملیۆن تۆن.