كێشەی پەنجەمۆریش چارەسەر كرا
پێشمەرگە دەنگدانی تایبەتی ئەنجام دا
964+
محەمەد فاتیح
هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ جاری دووەم تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ دەنگدانی تایبەتيان ئەنجام دا، ئامێرەكانی دەنگدانیش چەند تایبەتمەندییەكی نوێیان بۆ زیادكراوە.
وەزارەتی پێشمەرگە، بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21.8.2025، لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی ئەندامانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی سەر بە عێراق، بۆ جاری دووەم تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ جیهازەکانی دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا.
روونیشیكردەوە، لەم دەنگدانە ئەزموونییەدا، ئامێری نوێی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی تەکنیکی، چەند تایبەتمەندییەکی نوێیان بۆ زیادکراوە، وەک ناسینەوەی رووخسار لە حاڵەتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆردا، هەروەها خوێندنەوەی QR کۆد و ئەو کەسانەی پێشتر کێشەی پەنجەمۆریان هەبووە و لە سیستمی دەنگدان تۆماریان کردووە، دەتوانن لە داهاتوودا بەبێ هیچ کێشەیەک دەنگ بدەن.
پرۆسەی تاقیکردنەوەکە، بە سەرپەرشتی عەمید عبدولوهاب عەبدوڵا ئیبراهیم، سەرۆکی لیژنی هەڵبژاردن و عەمید هیوا شەریف، ئەندامانی لیژنەی هەڵبژاردنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
بەپێی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەم تاقیکردنەوەیە هەنگاوێکی گرنگە، بۆ پاراستنی دیموکراسی و دڵنیایی لە راستگۆیی پرۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت بە هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستاندا.