شەکەت و ماندووە
پارچەى دەستناکەوێت؛ لاندکۆرزەکەی ئاوی قەڵادزێ خانەنشین نەکراوە
964+
محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ
فەرمانگەیەکی گەورەو گران لە قەڵادزێ بە کۆنە ئۆتۆمبێلێکی شەکەت بەڕێوەدەبرێت کە زوو زوو پەکی دەکەوێت و ناچارن بۆ ساردکردنەوەی مەکینەکەی ئاوی پێدا بکەن، ناوە ناوەش ئیستۆپی نامێنێت و کاتی بارانیش ئاو دەچێتە ناوی.
ئۆتۆمبێلەکە لانگرۆزەرێکی مۆدێل 1981ـە، هەموو کارەکانی بەشی چاکسازی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بەڕێوە دەبات.
بەختیار ئیبراهیم 10 ساڵە شۆفێری ئەم ئۆتۆمبێلەیە، بە 964ـە وت: ئۆتۆمبێلەکە هێزی نەماوەو لاشەکەی رزیوە، پارچەشی هەر دەست ناکەوێت.
بەو ئۆتۆمبێلە، کەتەر و مۆلیدەی کارەبا و ئامێری تری قورس دەگوازنەوە، لەگەڵ نزیکەی هەشت کرێکاری فەرمانگەکەیان، بۆ چاککردنەوەی بۆڕییەکانی ئاوی قەڵادزێ بۆ ناوشار و ناحیەکانی سەر قەزاکەش دەچن، رێگای سەخت و دوریشی تێدەکەوێت.
چەند کەسێک لە خەڵکی قەڵادزێ لە سۆشیال میدیا داوایان کردووە ئۆتۆمبێلێکی تازە بۆ ئەو فەرمانگەیە بکڕدرێت و کۆنەکەش. وەک مۆنۆمێنێک لە ناو شاردا دابندرێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا