کۆبوونەوەی جێگری پارێزگار و بەرپرسانی بازرگانی خۆراک لە سلێمانی - وێنە: پێگەی شاهۆ عوسمان
جێگری پارێزگار کۆبوونەوەی بۆ کرد
لە سلێمانی چوار هەزار خێزان نزیکن لەوەی ئارد و نەوتیان نەمێنێ
964+
ئەحمەد مستەفا
جێگری پارێزگای سلێمانی لە ژوورەکەی خۆی بەرپرسانی فۆڕمی خۆراک و دابەشکردنی کۆکردەوە، تا هەرچییان کردووە، رێگری بکەن لەوەی ئەو خێزانانەی لە سلێمانی و دەوروبەری خۆیان لە فۆڕمی خۆراکی ئەلیکترۆنی تۆمارنەکردووە، پەلە بکەن و خۆیان تۆمار بکەن.
بە گوێری سۆراغی 964، لە سنووی پارێزگای سلێمانی، تائێستا نزیکەی چوار هەزار خێزان ماون کە ناویان لە فۆڕی خۆراکی ئەلیکترۆنی تۆمار بکەن، بەوەش بەشە خۆراک، ئارد و نەوتی ئەو خێزانانە نزیکە لەوەی ببڕدرێ، چونکە پێوەی نوێکردنەوەی خێزان، پەیوەستە بە خۆتۆمارکردن لە فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکە.
ئەمشەو 20.8.2025، بەرپرسێکی خۆجێی لە سلێمانی و ئاگادار لە بازرگانی خۆراک کە ویستی ناوی بڵاونەکرێتەوە بە 964ی وت، لەسەر بڕینی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە دیوانی پارێزگا، لەگەڵ شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی و بەرپرسانی بازرگانی خۆراک، لە پسوڵەی خۆراک، دابەشکردن، دانەوێڵە، ئارد و کۆمپانیای خۆراک کراوە.
لە کۆبونەوەکەدا، بڕیار دراوە، رێوشوێنی گونجاو بۆ ئەو خێزانانەی کە خۆیان تۆمار نەکردووە لە ئەپی ئەلیکترۆنی خۆراک خۆیان تۆمار بکەن، ئەوەش تاوەکو پێش 25.8.2025، بە هاوکاری بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک، کە 964 زانیوویەتی ژمارەیان نزیکەی چوار هەزار خێزان دەبێت.
بە گوێرەی راگەیەندراوێک، لە پێگەی شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگای سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، باس لەوەکراوە، تۆمارنەکردنی ئەو خێزانانە، لە داهاتوودا لێکەوتەی سلبی دەبێت، لەوانەش کەمبوونەوەو بڕینی بەشە خۆراک، ئارد و نەوت.
لەو کۆبوونەوەی کراوە داواکراوە، بە بڵاوکردنەوە هۆشیاری لە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندن و هەماهەنگی پەرلەمانتاران بە زۆرترین خەڵک ئەو بێبەشبوونە بگەیەندرێ تا هەرچییان کردووە لە ماوەی پێنج رۆژی داهاتوو خۆیان تۆمار بکەن.
بۆ خۆتۆمارکردن بە سیستمی IOS کلیک بکە بۆ خۆتۆمارکردن بە سیستمی ANDRIOD کلیک بکە
داتای خۆتۆمارکردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، تا سەرەتای مانگی هەشت؛
هەولێر: ملیۆنێک و 690 هەزار و 947 کەس، بە رێژەی 85%
سلێمانی: ملیۆنێک و 653 هەزار و 879 کەس، بە رێژەی 84%
دهۆک: ملیۆنێک و 36 هەزار و 388 کەس، بە رێژەی 79%
هەڵەبجە: 100 هەزار و 788 کەس، بە رێژەی 88%
مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.