ئاڵای کورستان بۆ نیوە دادەگیرێت

دوو رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەڵەبجە راگەیەنرا و ئاهەنگەکانیش راگیران

964+

شۆڕش قادری

بەهۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس لە ئاگرەکەی هەڵەبجە، دوو رۆژ ماتەمینی گشتی لەو پارێزگایە راگەیەنرا، ئاڵای کوردستان بۆ نیوە دادەگیرێ و سەرجەم ئاهەنگ و بۆنە و چالاکییەکی شادی ئامێزێش راگیرا.

نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “بە دڵێکی پڕ لە خەم و پەژارەیەكی زۆرەوە، پارێزگاکەمان رووبەڕووی کارەساتێکی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە بوویەوە لە ناوچەکانی چنار و مۆردین و نەیجەڵە، کە بەداخەوە بووەهۆی شەهیدبوونی دوو رۆڵەی دڵسۆزی پارێزگاکەمان، ئەم دوو هاوڵاتییە خۆشەویستە، کە لەپێناو پاراستنی ژینگە و خاکدا گیانیان بەخشی، ئێمە وەک شەهیدی ژینگەی هەڵەبجە و کوردستان ناویان دەبەین”.

بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی ئەو دوو کەسە و هاوبەشیکردنی خەمی بنەماڵەکانیان، پارێزگای هەڵەبجە بڕیاریدا بە راگەیاندنی ماتەمینی گشتی بۆ ماوەی دوو رۆژ و بۆ ئەو مەبەستەش، ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ نیوە دادەگیرێت، هاوکات، سەرجەم ئاهەنگ و بۆنە و چالاکییەکی شادی ئامێز رادەگیرێت وەک رێزێک بۆ رۆحی پاکی ئەو شەهیدانە.

پارێزگاری هەڵەبجە داوایش لە هاوڵاتیان دەکات، لەم وەرزەدا بەهەموو شێوەیەک ئاگاداری رێنماییەکانی خۆپارێزی بن لە مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە، بۆ ئەوەی گیان و سامانیان پارێزراو بێت.

لە دوێنێ یەکشەممەوە 17.8.2025،  ئاگرێکى گەورە لە سنوورى گوندەکانى چنار و مۆدرین لە پارێزگاى هەڵەبجە کەوتووەتەوە و تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە، دوێنێ ئارى موختار وەک یەکێک لە خۆبەخشان بەشدارى لە کوژاندنەوەى ئاگرەکە کرد، بەڵام بەهۆى بەرکەوتنى بە ئاگر برینداربوو و دواتر لە نەخۆشخانە و لە درەنگانێکى شەودا، گیانى بەخشى، ئەمڕۆش کارمەندێکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە بەناوی محەمەد شێخ حەیدەر لە بڵێسەی ئەو ئاگرەدا سووتا و گیانی لەدەستدا.

ئاگرەکەی هەڵەبجە سەدان دۆنم پووش و پاوان و دارستانی سر...

ئاگرەکەی هەڵەبجە سەدان دۆنم پووش و پاوان و دارستانی سرووشتی ناوچەکەی سوتاندووە

کارمەندێکی پۆلیسی دارستان لە ئاگرەکەی هەڵەبجە گیانی ل...

کارمەندێکی پۆلیسی دارستان لە ئاگرەکەی هەڵەبجە گیانی لەدەستدا