تا دێت فراوانتر دەبێت
ئاگرەکەی هەڵەبجە سەدان دۆنم پووش و پاوان و دارستانی سرووشتی ناوچەکەی سوتاندووە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لە سنووری نێوان ناوچەکانی چنار و مۆردین لە پارێزگای هەڵەبجە، ئاگرێکی بەرفراوان لە دوانیوەڕۆی دوێنێوە بەردەوامە و بەهۆیەوە هاوڵاتییەک گیانی لەدەستداوە و زیانێکی زۆریش بە ژینگەی ناوچەکە گەیشتووە.
عابدین عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەڵەبجە بە 964ـی وت، ”ئاگرەکە لە سنووری نزیکەی شەش گونددایە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ نزیک بووین لەوەی بە تەواوی کۆنترۆڵی بکەین، بەڵام دووبارە سەریهەڵداوەتەوە و ئێستا لە سنووری هەر سێ گوندی مۆردین، چنار و نەیجەڵە بەردەوامە”.
وتیشی، جیا لەوەی زیانی گیانی هەبووە و کەسێک بە کاریگەری ئاگرەکە گیانی لەدەستداوە، سەدان دۆنم پووش و پاوان، دارستانی سرووشتی ناوچەکە و باخی هاوڵاتیانیش زیانیان پێگەیشتووە و سووتاون، لەگەڵ تیمەکانمان خەڵکی گوندەکان و خۆبەخشانیش بەردەوام سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر