لە پێناو هەناسەیەکى پاک ژیانى بەخشى

ئارى موختار” شەهیدى ژینگە و ژیان”

964+

وریا فەتاح

ئارى موختار، ئەو گەنجە دوێنێ لە ئاگرەکەى سنوورى هەڵەبجە گیانى بەخشى، نازناوى شەهیدى ژینگەى پێدرا و رێکخراوێکى ژینگەیش دەڵێت: پێویستە ئەوانەی دەبنە هۆکاری سوتاندن و شێواندنی ژینگە، بە پێی یاسای تیرۆر و خیانەتی نیشتیمانی دادگایی بکرێن.

دوێنێ یەکشەممە 17.8.2025،  ئاگرێکى گەورە لە سنوورى گوندەکانى چنار و مۆدرین لە پارێزگاى هەڵەبجە کەوتەوە، ئارى موختار وەک یەکێک لە خۆبەخشان بەشدارى لە کوژاندنەوەى ئاگرەکە کرد، بەڵام بەهۆى بەرکەوتنى بە ئاگر بریندار دەبێت و دواتر لە نەخۆشخانە و لە درەنگانێکى شەودا، گیانى بەخشى.

گیانلەدەستدانى ئەو گەنجە دەنگدانەوەیەکى زۆرى دروستکرد و هەمووا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شەهیدى ژینگە ناوى دەبەن.

رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، نوسیویەتى،”مایەی نیگەرانییە، لەم سەردەمەدا کەسانێک هەبن دڵخۆش بن بە سووتاندن و لەناوبردنی ژینگە و پاوان و دارستانەکان، کە بە داخەوە ئەم کارە دڕندانانە دەبنە هۆی گیان لەدەستدانی چەندین مرۆڤی خەمخۆر و دڵسۆز بە نیشتیمان”.

رێکخراوەکە داواکارییەک بۆ داواکارى گشتیى و دادگاکان بەرز دەکاتەوە و دەڵێت،” پێویستە ئەوانەی دەبنە هۆکاری سوتاندن و شێواندنی ژینگە، بە پێی یاسای تیرۆر و خیانەتی نیشتیمانی دادگایی بکرێن”.

رێکخراوەکە نازناوى “شەهیدى ژینگەیان” بە ئارى موختارداوە و لەسەر ئەو نازناوە، مەعروف مەجید سەرۆکى رێکخراوەکە بە 964ـى وت،” وەک چۆن ئەوانەى لە پێناو خاک سنگى خۆیان دەدەنە بەر گولـلە و شەهید دەبن و نازناوى شەهیدى خاک و نیشتمانیان پێدەدرێت، ئارى و هەموو ئەوانەشى لە پێناو ژینگە گیانفیدایى دەکەن، شەهیدى ژینگەن”.

"کارمەندەکانمان خۆبەخشانە و لەسەر ئەرکی خۆیان ژینگە دەپارێزن"