دیمەنی دەست بەسەرداگرتنی ئاژەڵ لە کۆڵانەکانی سۆران .وێنە: ئەرشیڤی 964
"چاوپۆشی لە کەس ناکرێ و سزا دەدرێن"
هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵی بەڕەڵا لە سۆران دەستپێدەکات
964+
شۆڕش قادری
هاوڵاتیانی سۆران ئاگاتان لە ئاژەڵەکانتان بێ و بەڕەڵای سەر جادە و شەقامەکانیان مەکەن، شارەوانی هۆشداری دەدات و دەڵێ، چاوپۆشی لەکەس ناکەن و سزا دەدرێن.
سەرۆکایەتی شارەوانی سۆران لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، “هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵی ماڵی سەر شەقامەکان دەستپێدەکات و دەستبەسەر ئەو ئاژەڵانەدا دەگیرێت کە لە ناو کۆڵان و گەڕەکەکان و سەر شەقامەکان بەرەڵا دەکرێن و دەبنەهۆی لە ناوبردنی دار و سەوزایی سەر شەقام و شۆستەکان و هاوکات پیشاندانی سیمایەکی ناشارستانی”.
ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیاریانداوە لە سبەی دووشەممەوە 18.8.2025 رێکاری یاسایی توند بگرنەبەر بەرامبەر خاوەن ئاژەڵە بەڕەڵاکان و دەست بەسەر ئاژەڵەکانیان دەگیرێت و سزا دەدرێن.
شارەوانی سۆران دەشڵیت، چاوپۆشی لە کەس ناکەن و هەر کەس و لایەنێک داوای هاوکاری بۆ ئەو بابەتە بکات، پێویستە خۆی ئامادە بێت کە پێبژاردن لە جیاتی خاوەن ئاژەڵەکە بدات.