لە موسڵ

دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی خەسفە کرا

964+

ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەفەرمی دەست کرا بەهەڵدانەوەی گۆڕەکانی ناو چاڵی خەسفە، کە گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵە چەکدارانی رێکخراوی داعش خوڵقاندوویانە لە عێراق، پێشبینی وایە تەرمی چوار هەزار کەسی مەدەنی و سەربازی تێدابێت.

چاڵی خەسفە کە نزیکەی 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری موسڵ، گۆڕێکی بەکۆمەڵ بووە کە لە سەردەمی داعشدا هەزاران قوربانی فرێدراوەتە ناوی، پاش زیاتر لە حەوت ساڵ ئێستا حکومەت بڕیاری هەڵکەندنی چاڵەکە و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە و دەرکردنی پاشماوەی قوربانییەکانی داوە.

بە گوێرەی ئەو دیمەنانەی گەشتووە بە 964، تیمەکانی دەزگای شەهیدانی عێراق و رێکخراوەکان بە بەرگێکی سپییەوە دەستیان بە کارکردن کردووە، زۆرێک لە تەرمەکان جل وبەرگ و ئێسکیان دیارە.

پێشتر، عەبدولقادر دەخیل پارێزگاری نەینەوا بە میدیاکانی وت، بەهاوکاری نێوان هەردوو پارێزگاری نەینەوا و دادگای تێهەڵچوونەوەی موسڵ دەستدەکرێت بە هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی “خەسفە”، پێشبینی دەکەن پرۆسەکە ماوەی یەک ساڵ بخایەنێت.

بە گوێرەی داتای کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە نێوان ساڵانی 2014 و 2017، نزیکەی 200 گۆڕی بەکۆمەڵ کە زۆرینەیان لە باکووری وڵاتەکەن، لەلایەن چەکدارەکانی رێکخراوی داعشەوە بۆ زیندەبەچاڵکردن و کوشتنی خەڵی مەدەنی و سەرباز دروست کراوە.