شەوی رابردووش باوکی گیانی لەدەستدابوو

ئەو مێردمنداڵەی کەوتە ناو تانکەری نەوت گیانی لەدەستدا

964+

هیڤی دێوالی-دهۆک

ئەو مێرمنداڵە تەمەن 14 ساڵەی شەوی رابردوو لە قەزای شێخان کەوتە ناو  تانکەری نەوت، لەنەخۆشخانەی ئازادی گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی لەپزیشکی دادی دهۆکە و شەوی رابردووش هەر بەهەمان رووداو باوکی گیانی لەدەستدابوو.

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 2025.8.14، لە قەزاى شێخان، مێردمنداڵێک بۆ پاککردنەوە چووەتە ناو تانکەرێکى نەوت، بەڵام تووشى تەنگەنەفەسى بوو و دواتر شەش لە ئەندامانى خێزانەکەى کە باوک، برا، باپیر و خاڵەکانی بوون، یەک بەدواى یەک بۆ رزگارکردنى چوونە ناو تانکەرەکە، بەمشێوەیە سەرجەمیان تووشى بورانەوە و تەنگەنەفەسى بوون و هەر ئەو کاتە یەکێکیان گیانی لەدەست دا بەناوی” زەنون یونس “ کە تەمەن 30 ساڵ بوو و بەیانی ئەمڕۆش مێردمنداڵەکە  بەناوی” یوسف زەنون” لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

سەرچاوەیەک لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادی بە964ـی  وت، لە شەوی رابردووەوە تەندروستی مێردمنداڵەکە و براکەی ناجێگیرە و لەژێرچاودێری چڕی پزیشکدا بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئۆکسجینی یەکێکیان زۆر کەم بوو بەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

وتیشی، ئێستا تەرمی مێردمنداڵەکە  لە پزیشکی دادی دهۆکە و دوای تەواوبوونی توێکاری رەوانەی قەزای شێخان دەکرێتەوە.

پێشتر شێخ سەردار یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان بە964ـی وتبوو، یەکێک لە ئەندامانى خێزانەکە چووەتە ناو تانکەرەکە کە سووتەمەنى و نەوتى سپى گواستووەتەوە و ویستوویەتى پاکى بکاتەوە، بەڵام بووراوەتەوە و دواتر شەش ئەندامى دیکەى هەمان خێزان بۆ رزگارکردنى چوونەتە ناو تانکى تانکەرەکە، بەڵام سەرجەمیان تووشى تەنگەنەفەسى و بوورانەوە بوونەوە و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

شێخان؛ حەوت ئەندامى خێزانێک لە تەنکەرى نەوتدا بورانەو...

شێخان؛ حەوت ئەندامى خێزانێک لە تەنکەرى نەوتدا بورانەوە