مەراسیمى رادەستکردنەوەى زەوییەکى بەمین چێندراو.... وێنە: قائیمقامییەتى ماوەت
رادەستى خاوەنەکانیان کرانەوە
زەوییەکانى گوندى قامیش؛ 14 هەزار مەتر دووجا لە مین و تەقەمەنى پاککرانەوە
964+
وریا فەتاح
لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچە مەترسیدارەکان، رووبەری 14 هەزار مەتر دووجا لە زەوییەکانی گوندی قامیشی سەر بە قەزای ماوەت، لە مین و پاشماوەی تەقەمەنی پاککرانەوە، رادەستى خاوەنەکانیان کرانەوە، قائیمقامیى قەزاکەش دەڵێت،”هێشتا رووبەرێکى زۆر بە مین چێندراو ماوە”.
کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت، بە 964ـى وت،”رۆژى 12ـى مانگ لە قائیمقامییەت رادەستکردنەوەى زەوییەکان لە مەراسیمێکدا بەڕێوەچوو، ئەم هەنگاوە گیانی چەندین هاووڵاتی مەدەنى سنوورەکەمان رزگار دەکات، کە بەداخەوە تا ئێستا دەیان کەس بوونەتە قوربانی کارەساتی مین، ئەمە جگە لە بوونی دەیان بریندار.”
قایمقامی ماوەت پیرۆزبایی لە خەڵکی گوندی قامیش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا رووبەرێکی بەرفراوان لە سنووری قەزاکە ماوە کە پێویستی بە پاککردنەوەیە لە مین و تەقەمەنی.
ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت ناوچە سنوورییەکانی وەک پێنجوێن، زۆرترین ڕێژەی مین و پاشماوەی جەنگیی تێدایە.
کاری پاککردنەوەی مین لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای گشتی کاروباری مینەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کارەکانى جێبەجێ دەکات.