"چەندین ئاژەڵ سوتاون"

سکاڵا دژی ئەو کەسانە تۆمار کرا کە ئاگریان لە چیای برادۆست بەرداوە

964+

ژووری هەواڵ

فەرمانگەی ژینگەی سۆران بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە ئاگریان لە چیای برادۆست بەرداوە، پەنای بردووەتە بەر دادگا و سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14.8.2025، فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە رایگەیاند، لە دادگای لێکۆلینەوەی سۆران و بنکەی پۆلیسی گۆڕەز سکاڵایان تۆمار کرد لە دژی سەرپێچی کارانی سوتاندنی چیای برادۆست، کە بووە هۆی سوتاندنی چەندین داری بەتەمەن و مردنی چەندین ئاژەڵ و زیندەوەر.

هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە 964ـی راگەیاند، ئەو ئاگرانەی لە ماوەی رابردوودا لە چیای برادۆست و بالەکیان کەوتوونەتەوە بە دەستی ئەنقەست بوون، بۆیە سکاڵایان تۆمار کردووە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران.

سکاڵاکە بە پێی ماددەکانی 31 و 25ـی یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2008ـی دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە تۆمار کراوە.

لەو یاسایەدا هاتووە، سوتاندنی پوش و پاوان و دار و ئاژەڵ بە تاوان دادەنرێت، وە تۆمەتبار سزا دەدرێت بە بەندکردن لەگەڵ پێبژاردن کە بڕەکەی لە 150 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 200 ملیۆنیش زیاتر نەبێت یان دەکرێت بە هەردوو سزاکە سزا بدرێت.

رۆژی رابردووش، بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، گومانی هەیە ئەو ئاگرانەی لە چیای بالەکیان دەکەونەوە دەستێکیان لەپشت بێت، داوای کرد تاوانبار بدۆزرێتەوە.

بەرگریی شارستانیی سۆران: ئاگرەکەی چیای بالەکیان دەستی ...

بەرگریی شارستانیی سۆران: ئاگرەکەی چیای بالەکیان دەستی ئەنقەستە