کێڵگەیەکى نەوت لە هەرێمی کوردستان _ وێنە: ئاژانسەکان
میکانیزمەکە رێککەوتنی لەسەرکرا
هەرێم 50 هەزار بەرمیل نەوت گلدەداتەوە ئەوی دیکە دەدات بە سۆمۆ
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتن، 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن و کۆنووسی رێککەوتنەکەش لەلایەن 23 کەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە، 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، کۆبوونەوەکان لە 17.7.2025 دەستیانپێکرد و لەم ماوەیە سەردانی تەواوی کێلگەکانی هەرێم کراوە و دوای هەڵسەنگاندنی کێشەکانی هونەری گفتوگۆیەکی زۆر، لە 11.8.2025 رێکەوتن لە سەرمیکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم کراوە.
کە بە گوێرەی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.
هەروەها بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەک وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 13.8.2025 نوسیوویەتی، ماوەتەوە حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی تورکیا قسە بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت.