لۆگۆی چەند كۆمپانیایەكی روسی
بەدوای هاوبەشی خۆماڵیدا دەگەڕێن
چەند كۆمپانیایەكی روسیا دەیانەوێت لە كوردستان كار بكەن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر رایگەیاند، چەند كۆمپانیایەكی روسیا دەیانەوێت لە كوردستان كار بكەن، بۆ ئەمەش پێویستیان بە هاوبەشی ناوخۆیی هەیە.
كامەران محەمەد ساڵح ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 12.8.2025 بە 964ی راگەیاند، چەند کۆمپانیایەكی روسی لە بوارەکانی “کشتوکاڵ، کارەبا، ژێرخان، تەندروستی، تەکنەلۆژیای زانیاری، گەشتیاری و جوانکاری، ئارەزوومەندن لە بازاڕەکانی كوردستان و عێراق کاربکەن، بۆ ئەمەش پێویستان بە هاوبەشی و كاركردنەوە لە لایەن بازرگان و خاوەنكارانی كوردستان و عێراقەوە.
وتیشی، “هەر کۆمپانیایەکی خۆماڵی ئارەزوومەندە کار لەگەڵ ئەو كۆمپانیا روسییانە بکات، با سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر – بەشی پەیوەندییەکان بکات، بۆ ئەوەی زانیارییان پێبدەین و هاوكاریان بین.
كامەران محەمەد روونیكردەوە، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بەردەوام كار بۆ ئەوە دەكات وەبەرهێنەر و كۆمپانیا بیانییەكان رابكێشێتە كوردستان و بۆ ئەمەش هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكەن، بە ئامانجی فراوانكردنی هاوبەشی بازرگانی و هێنانی كاڵا و كەلوپەلی كوالێتی بەرز بۆ بازاڕەكانی كوردستان.