ژینگەپارێزان 50 رۆژە بەبێ موچە بەردەڕەش پاکدەکەنەوە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

کارمەندانی پاککەرەوە لە کۆمپانیای MRFی ژینگەپارێزیی بەردەرەش ماوەی 50 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە، بەڵام بەردەوامن لە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و پاککردنەوەی قەزاکە.

بەکر محەمەد قورتاس، بەرپرسی کۆمپانیای MRF بە تۆڕی 964ی راگەیاند، دڵنیایی دەدەین بە هەموو کارمەندان کە مووچەکانیان نافەوتێ، بەڵام کێشەی ئێمە ئەوەیە کۆمپانیا گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 30/11/2022 تەواو بووە، بۆیە لەلایەن حکومەتەوە هیچ بڕە پارەیەک نەهاتووە بۆ ئێمە، کەوا بتوانین موچەی کارمەندەکان بدەین.

“لەگەڵ نوێکردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیا، راستەوخۆ موچەکانیان دێت بۆ کۆمپانیا و دەدرێت بە کارمەندەکان،” بەکر محەمەد قورتاس وا دەڵێت.

پێشتر ساڵی دوو جار، واتە هەر شەش مانگ جارێک حکومەت گرێبەستی بۆ کۆمپانیاکە نوێدەکردەوە، بەڵام بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەم جارە حکومەت هیچ وادەیەکی رانەگەیاندووە.

کۆمپانیاکە دەڵێت، لەسەر ئەرکی خۆیان موچەی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردووی کارمەندەکانیان داوە، بەڵام هێشتا موچەی مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ نەدراوە.

ژمارەی گشتی کارمەندانی کۆمپانیای MRF لە قەزای بەردەرەش 76 کەسە، کە زۆربەیان کەم دەرامەتن و لە خانووی کرێدا دەژین.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر