ئێستا نووستووە
تای خوێنبه‌ربوون هه‌ر ماوه و پێویستە خۆتانی لێ بپارێزن
+964
ده‌شتی عارف – هه‌ولێر
پەتای تای خوێنبه‌ربوون، ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی له‌ناو ئاژه‌ڵاندا بڵاوه و له رێگای خواردن و بەركەوتنیش بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه، ئێستا ناچالاكه، به‌ڵام بە قسەی بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر، نەخۆشییەكە هه‌ر ماوه و هاوڵاتیان پێویسته خۆیانی لێ بپارێزن.
هه‌ڵمه‌ت هه‌مزه، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌ربڕخانه‌ی هه‌ولێر، به 964ـی وت، “تا ئێستا نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوون هه‌ر ماوه و هیچ پێكوتەیەك بۆ چاره‌سه‌ربوونی نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێستا ناچالاكه و هیچ تووشبوویه‌ك تۆمارنه‌كراوه”.
وتیشی، “تای خوێنبه‌ربوون له گۆڕانكاری خێرای پله‌كانی گه‌رماوه دروست ده‌بێت، به تایبه‌ت له سه‌ره‌تای گۆڕانی وه‌رزه‌كاندا، هه‌ر بۆیه‌ش له نێوان به‌هار و هاوین ترسمان له بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌بوو”.
“هیچ نیشانه‌یه‌ك له ئاژه‌ڵ دیارناكەوێت، كه توشبووی تای خوێنبه‌ربوونه، بۆیه پێویسته هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن، له كاتی سه‌ربڕین ده‌ستكێش له‌ده‌ست بكەن، خانمان پێش لێنانی گۆشته‌كه شه‌ش بۆ 12 كاتژمێر له‌ناو به‌فرگر گۆشته‌كه هه‌ڵگرن، چه‌قۆ و ته‌خته‌ی تایبه‌ت به گۆشت دابنێن، كوڵان باشترین رێگایه بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و نه‌خۆشییه، بۆیه باشتر وایه گۆشت به كوڵاوی بخۆن نه‌ك برژاوی”، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌ربڕخانه‌ی هه‌ولێر وای وت.
پەتای کۆنگۆ یان تای خوێنبەربوون، بەهۆی ڤایرۆسێکەوە سەرهەڵدەدات کە زیندەوەرێکی بچووکە و “گەنە” هەڵیدەگرێت، ئەم ڤایرۆسە لە وڵاتانی ئەفریقا و بەلقان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا ساڵانە زیاد دەکات و بڵاوە.
نەخۆشییەکە لە رێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە جەنگى جیهانی دووەمدا سەریهەڵداوە، 40% ئەو کەسانەی تووشی دەبن گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا