نرخی خۆراك لە جیهاندا گران بووە، بە تایبەتی گۆشت
رێكخراوی خۆراكی جیهانی:
خۆراک و گۆشت و زەیت گران بووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، كە بە (فاو) ناسراوە، دەڵێت، لە مانگی تەمموزی رابردوودا نرخی کاڵا خۆراکییەکان بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی رابردوو لە ئاستی جیهاندا بەرزبووەتەوە، بە تایبەتی نرخی گۆشت و زەیتی رووەکی.
رێکخراوەکە لە راپۆرتێكدا روونیکردەوە، پێوەرەکانی نرخی خۆراک لەلایەن رێكخراوەكەوە، کە بە شێوەیەكی مانگانە چاودێریی دەكەن، لە مانگی تەمموزی 2025دا تێکرای 130.1 خاڵ بووە، کە بەراورد بە مانگی حوزەیران بە رێژەی 1.6% زیادی کردووە”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەمە بەرزترین خوێندنەوەیە بۆ پێوەرەکە لە مانگی شوباتی 2023ەوە، هەرچەندە پێوەرەکە 18.8% لە خوار ئەو تۆمارەیە، كە لە مانگی ئاداری 2022 تۆماری كرد، دوای ئەوەی شەڕی روسیا و ئۆکرانیا دەستیپێكرد”.
هەروەها ئەوەش دەخەنەڕوو، “بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت و رۆنی رووەکی لە مانگی تەمموزدا لە دابەزینی نرخی دانەوێڵە و بەرهەمە شیرەمەنییەکان و شەکر زیاتر بووە”.