عەزیز ئەحمەد:

“كوردستان بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی ئامادەیە یارمەتی عێراق بدات”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، كوردستان ئامادەیی هەیە لە دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی یارمەتی عێراق بدات، دەشڵێت ئێستا ناوەندی هەموو شارەكانی كوردستان كارەبای 24 سەعاتییان هەیە، بەڵام هێشتا هەڵەبجە كارەبای 24 سەعاتی نییە.

عەزیز ئەحمەد لە تویتێکدا لە تۆڕی ئێكس، ئەمڕۆ هەینی 8.8.2025 نووسیویەتی، سەنتەری شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، لە رێگەی پڕۆژەی رووناکییەوە بوونەتە خاوەنی کارەبای 24 سەعاتی.

هەروەها نووسیویەتی: هەرێمی كوردستان ئامادەیی هەیە بۆ دابیكردنی كارەبای 24 سەعاتی یارمەتی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بدات.

عەزیز ئەحمەد هەندێك ئامار و داتای پۆست كردووە سەبارەت بە كارەبای پڕۆژەی رووناكی كە بەم جۆرەیە:

*نزیكەی یەك ملیۆن و نیو لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان كارەبای 24 سەعاتییان هەیە

*نزیكەی هەزار و 700 مۆلیدەی گاز لە گەڕەكەكان كوژێندراونەتەوە.

*پارەی مامناوەندی كارەبای 24 سەعاتی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو 27 هەزار دینارە.

پێدەچێت عەزیز ئەحمەد هەندێك هەڵەی لەو ژمارانە كردبێت، چونكە ماڵپەڕ و پەیجی فەرمی پڕۆژەی رووناكی ژمارەكانی بە جۆرێكی دیكە ئامارەكانی بڵاوكردووەتەوە، لەوانە پڕۆژەكە دەڵێت دوو ملیۆن و 700 هەزار كەس كارەبای 24 سەعاتییان هەیە، هەروەها دەڵێت دوو هەزار و 500 مۆلیدە كوژێندراونەتەوە.

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەرێمی کوردستان یەکەمە لە عێراقدا کە ماڵئاوایی لە مۆلیدە ئەهلییەکان دەکات، بە جۆرێك ئێستا سەنتەری شارە سەرەکییەکانی کوردستان “هەولێر، سلێمانی و دهۆک” ئێستا کارەبای بەردەوامی 24 سەعاتییان هەیە، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژە رووناكیدا.

بەپێی زانیارییەكانی 964 هێشتا شاری هەڵەبجە پڕۆژەی دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ دابین نەكراوە و تازە كارەكان دەستیپێكردووە و تیمەكانی كارەبا دەستیان بە كار كردووە.

پڕۆژەی رووناكی، پڕۆژەیەكی حكومەتی هەرێمە بۆ دابینكردنی كارەبای بەردەوام و 24 سەعاتی و پلانی وایە تا كۆتایی ساڵی 2026 كارەبای 24 سەعاتی بۆ هەموو هەرێمی كوردستان دابین بكات.