یانەی هەولێری جێهێشت

سەمیر بابۆ: ناكرێت بە 7 ملیار دینار پلەكانی حەوتەم و هەشتەم بەدەست بهێنیت

964+
دەشتی عارف – هەولێر

راهێنەر سەمیر بابۆ لەگەڵ یانەی هەولێر رێكنەكەوت و مەشقی یانەكەی جێهێشت، راشیگەیاند، نەخشەڕێگایەكی بۆ وەرزی نوێ هەبوو، بەڵام دیارە بە دڵی یانەكە نەبووە.
سەمیر سدیق بابۆ، راهێنەری ناسراوی تۆپی پێ، كە وەرزی رابردوو راهێنەری یانەی هەولێر بوو لە خولی ئەستێرەكانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 6.8.2025  بە 964ی راگەیاند، لەگەڵ یانەی هەولێر رێكنەكەوتن لەسەر كاركردن بۆ وەرزی نوێ و جیابوونەوە.
وتیشی، “دیارە یانەی هەولێر دەیەوێت ركابەری لەسەر چوارگۆشەی زێڕینی خولی عێراق بكات، بەڵام من پێم وایە لەم قۆناغە و بەو بارودۆخە دارایی و ئیدارییەی یانەكە هەیەتی، مەحاڵە بتوانن ركابەریی بكەن”.
بابۆ رایگەیاند، نەخشەڕێگایەكی هەبوو بۆ یانەكە، بەڵام دیارە ئەوان بە دڵیان نەبووە، كە بەڵێنی دابوو بە لای كەم تیپەكە لە خولەكە بهێڵێتەوە و بتوانێت لە ناوەڕاستی ریزبەندیدا بێت، بەڵام بە قسەی ئەو، یانەكە چاویان لە چوار پلەی پێشەوەیە.
وتیشی، ناكرێت پلەكانی حەوتەم و هەشتەم بەدەست بهێنێت و 7 ملیار دینار خەرج بكەیت، من بە پێی نەخشەڕێگاكەم بە 3-4 ملیار دینار ركابەریمان لەسەر ناوەڕاستی ریزبەندییەكە دەكرد.
سەمیر بابۆ ئاشكرای كرد، ئێستا خەریكی بەدەستهێنانی بڕوانامەی “پرۆ”ی ئاسیا دەبێت، كە بڕوانامەیەكی بەرزی راهێنەرانە لە ئاستی كیشوەری ئاسیا، دوای ئەوە بیر لە وێستگەی داهاتووی كاركردنی دەكاتەوە.
سەمیر بابۆ وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی هەولێر لە بارودۆخێكی سەختی دارایی و كارگێڕییدا توانی پلەی 12یەم لە ریزبەندی خولی ئەستێرەكانی عێراق بەدەست بهێنێت، كە 20 یانە تێیدا بەشدارن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

سەمیر بابۆ: تەنیا بیرم لاى چارەسەرکردنى گرفتەکانى یانە...

سەمیر بابۆ: تەنیا بیرم لاى چارەسەرکردنى گرفتەکانى یانەى هەولێرە