"لابردنی کەلار بێ ئاو دەکات"
بۆریەکی ئاو رێگرە لە تەواوکردنی سایدی دوەمی شەقامە 60 مەتریەکەی کەلار
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
شەقامی 60 مەتری کەلار، لەناو ھاوڵاتیان بە شەقامی پشتێنەیی ناودەبرێت، قۆناغی یەکەمی کراوە بە دوو ساید، بەڵام بەھۆی بۆریەکی سەرەکی دابەشکردنی ئاوی کەلار، نزیکەی 200 مەترى شەقامەکە ھەر یەک سایدە.
ئەو بۆریە لە فلکەی زانکۆی گەرمیانە لە سەرەتای شەقامەکەدایە، لە پاڵاوگەی ئاوی بەردەسورەوە ئاو دەگوازێتەوە بۆ گەڕەکەکانی کەلار.
سامان رەحیم، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار بە 964ـی وت، ئەو بۆریە دەستکاری بکرێت دانیشتوانی کەلار بێ ئاو دەبن، پێویستە پێش ئەوەی بۆریەکە لاببرێت رێگای بەدیلی بۆ دابنرێت”.
“کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە نەھاتوون قسەمان لەگەڵ بکەن بۆ چارەسەری ئەو بۆریە، بەڵام قسەمان لەگەڵ شارەوانی کردووە و پێمان وتوون، بەھەر شێوازێک کە نەبێتە ھۆی بێ ئاوبوونی ھاوڵاتی ئێمە رەزامەندین”، سامان رەحیم وای وت.
لەبارەی چارەسەری ئەو بۆریەوە، ئەکرەم ساڵح سەرۆکی شارەوانی کەلار بە 964ـی وت، بە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کەلارمان وتوە بزانین چ شێوازێکیان پێ باشە و ھاوڵاتیان بێ ئاو نابن، ئێمە ئامادەین بۆ چاککردنی بۆریەکە بۆ ئەوەی رێگاکەش بەتەواوی بخرێتە خزمەت ھاوڵاتیا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی